بەرهەم ساڵح: سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە‌و بەشداریی هۆشیارانە خاڵی وەرچەرخانە

09-10-2021 06:03
دەنگدانی بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق/2018. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح داوا لە خەڵكی عێراق دەكات، سبەینێ بەشداریی بكەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن‌و ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ چاكسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەكاری.

سەرۆككۆماری عێراق لە پەیامێكدا دەڵێت "بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت".

دەقی پەیامەكەی بەرھەم ساڵح سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

هاووڵاتیانی خۆشەویست..

ئێمە ئێستا لەبەردەم ساتەوەختێكی هەستیار و یەكلاكەرەوەداین، لەچاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووساز و مێژوویداین لە عێراق، كە دەرفەرتێكە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەت و چارەسەركردنی كێشەكانی سیستەمی حوكمڕانی، هەلێكە بۆ بەرقەراركردنی دادپەروەری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆ پێداچوونەوەی دەستوور و هێنانەكایەی گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی نوێ، كە زامنی مافی تاك و پێكهاتەكانی عێراق بێت. ئەمانەش لەرێگەی پەرلەمانێكی كارا و راستەقینەوە دێتەدی، پەرلەمانێك كە بەڕاستی نوێنەری ئیرادەی ئازاد و دەنگی ئێوە بێت و بتوانێت حكومەتێك پێكبهێنێت كە توانای چارەسەری قەیرانەكانی هەبێ، بەتایبەت كێشەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری و بژێوی ھاووڵاتیان.

بێگومان دەسكەوتی لەناوبردنی دیكتاتۆریەت و دامەزراندنی حوكمڕانی دەستووری لە عێراق گرنگ و بایەخدارە، بەڵام دەبێ بیشیسەلمێنین كە قۆناغی دوایی 2003 و سیستمە حوكمڕانیەكەی جۆرەها كێشە و كەموكورتی هەیە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ریشەی هەیە.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتە بۆ هاووڵاتیان ئەم ڕێڕەوە بە ئاڕاستەی چاكسازی و گوڕانكاری ببەن. لەم پێناوەشدا بە ڕەچاوكردنی ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، بۆ رێگری لە تەزویر و ساختەكاری، یاسای تازەی هەڵبژاردنەكان پەسەندكرا و كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكانیش پێكهێندرا، كە ھاوكاتە لەگەڵ دابینكردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری پرۆسەكە، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانەمان لەپێناو پارێزگاری لەدەنگی ئێوە و رێگری لە ساختەكاری گرتەبەر، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن و سەرئەنجام ئەو پەرلەمان و حكومەتەی دێتە كایەوە رەنگدانەوەی دەنگی راستەقینەی ئێوە بێت و قەرەبووی كەموكورتی هەڵبژاردنەكانی پێشووش بكاتەوە.

هاووڵاتیانی ئازیز..

سبەی هەموو جیهان چاوی لەسەر ئێوەیە، چاوەڕوانی تاقیكردنەوەی ئیرادەی ئێوەن كە بەزەبری شەڕ و تیرۆر نەشكا، ئیرادەیەك كە توانی شكست بە داعش بھێنێ و بەسەر مەترسی تیرۆردا زاڵبێت و لەبری هەموو جیهان بجەنگێ و قوربانی بدات. بۆیە هیوادارم سبەی ناوەندەكانی دەنگدان بكەنە بڵندگۆی ئیرادەی راستەقینەی خۆتان بۆ چاكسازی و بەگژداچوونەوەی خراپەكاری، چونكە مێژوو فێری كردوین كە هیچ دەنگێك لە دەنگی میللەت بەرزتر و هیچ ئیرادەیەك لە ئیرادەی خەڵك بەهێزتر نییە، و بێگومان بەشداری كارا و هوشیارانەی ئێوە، خاڵی وەرچەرخانێكی چارەنووساز دەبێت و رێگە لەبەردەم نوێنەرایەتیەكی پاك و بێگەردی میللەت دەكاتەوە و رێگە لە یاریكردن بە چارەنووسی وڵاتەكەمان دەگرێت.

هەڵبژاردنی سبەی بەرپرسیارێتیەكی مێژوویی و دەرفەتێكی گەورەیە كە خودی خۆت بەشداردەبیت لە پرۆسەی گۆڕانكاری و چاكسازیدا، بۆیە بێ دوودڵی بەشداری بكە و بەھوشیارییەوە دەنگ بدە.

لێرەشەوە سوپاسی خۆمان دووپات دەكەینەوە بۆ دەزگانی حكومەت و كۆمیسیۆن، و بە تایبەتیش بۆ هێزەكانی ئاسایش كە ئەركی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە ئەستۆیە، لەم بۆنەیەشدا سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان.

با پێكەوە هەوڵ بدەین ئەم هەڵبژاردنە بكەینە‌ مایەی گۆڕانكاری راستەقینە، و بە هیوای ئەنجامێكی باش بۆ هەڵبژاردن و سبەینێیەكی ڕوون بۆ گەل.

ئێوەش، ئازیزان، هەر شاد و سەركەوتوو و ئاسوودە بن.