كۆمیسیۆن ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی سبەینێ‌ ڕاگەیاند؛ هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاكاندا قەدەغەیە

09-10-2021 06:12

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كراوە و 24 كاتژمێر پاش كۆتاییهاتنی پرۆسەكەیش ئەنجامی دەنگدان ڕادەگەیەنن. لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنیش دەڵێت "قەدەغەی هاتوچۆ تەنیا لە نێوان پارێزگاكاندا دەبێت".

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن سەبارەت بە ئامادەكاری و هەماهەنگییەكان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەی سبەینێ‌ كۆبوونەوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سەبارەت بەو كێشە تەكنیكییانەی لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوون، ڕایگەیاند "لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە و ڕێكارەكان تا ئاستێكی باڵا سەركەوتوو بوون".

هاوكات كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و كامێرا لەلایەن دەنگدەرانەوە بۆ ناو بنكەی هەڵبژاردن قەدەغەیە و پێویستە دەنگدەران بە دەمامكەوە دەنگ بدەن.

لای خۆیشیەوە عەبدولئەمیر شەمەری، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان، ڕایگەیاند كە "هەماهەنگیی باڵا لە نێوان ئێمە و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەیە و لەسەر ئاستی باڵا ئامادەكاریی ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كراوە".

"لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێزی ئەمنیی زیاتر ڕەوانەی پارێزگاكان كراوە، لەوانە هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و دژەتیرۆر"، شەمەری وای وت.

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان جەختی كردەوە "هیچ قەدەغەیەكی هاتوچۆ لەناو پارێزگاكاندا ڕانەگەیەندراوە، تەنیا هاتوچۆ لە بەینی پارێزگاكاندا قەدەغەیە".

بڕیارە سبەینێ‌ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت. پرۆسەی دەنگدان لە كاتژێر حەوتی بەیانی دەست پێ‌ دەكات و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت. دوێنێ‌ هەینی 8-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو.

كۆمیسیۆنی هەڵبژارنەكانی عێراق ڕایگەیاند "ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا لە سەرتاسەی عێراق لەسەدا 69 بووە".

لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش، بەرزترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای سلێمانی بووە كە لەسەدا 78 بووە، نزمترینش لە دهۆك بووە بە لەسەدا 69، لە هەولێریش ڕێژەی بەشداری لەسەدا 75 بووە. هەروەها لە كەركووك لەسەدا 62 بووە.