پەرەگراف ڕێككەوتنێكی گۆڕان‌ و یەكگرتوو بۆ دەنگدانی سبەینێ ئاشكرا دەكات

09-10-2021 08:31

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی، لە دوو بازنەی سلێمانی‌و بازنەیەكی هەولێر ڕێككەوتن دەنگ بە كاندیدەكانی یەكتریی بدەن.

گۆڕان لە هەڵەبجە دەنگ بە كاندیدی یەكگرتوو دەدات، یەكگرتووش لە بازنەی گەرمیان‌ لە سلێمانی‌و بازنەی دووی هەولێر كە قەزاكانی كۆیەو حەبات‌و بنەسڵاوە دەكات دەنگ بە كاندیدەكانی گۆڕان دەدات. ڕێككەوتنەكە ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێوان ئەو دوو حزبەدا ئەنجام درا.

"یەكگرتوو لە گەرمیان دەنگ بە هۆشیار عومەرو لە بازنەی دووی هەولێر دەنگ بە عەبدولسەلام محەمەد كاندیدانی گۆڕان دەدات، دەنگدەرانی گۆڕانیش لە بازنەی هەڵەبجەو شارەزوور دەنگ بە موسەنا ئەمین كاندیدی سەربەخۆ دەدەن كە یەكگرتوو پشتیوانیی دەكات" سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار لە ڕێككەوتنەكە بۆ پەرەگراف وای وت.

هاوكات سەرچاوەیەكی یەكگرتووی ئیسلامیش زانیارییەكانی پشتڕاست كردەوەو وتی "بە بڕیاری حزب پێمانڕاگەیەندراوە دەنگ بە كاندیدەكانی گۆڕان بدەین لەو بازنانەو پابەندی بڕیارەكە دەبین‌و ئەندام‌و لایەنگرانمان ئاگادار كردووەتەوە".

گۆڕان لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستان لە بازنەی هەڵەبجە لە دوای یەكێتی، دووەم دەنگی ئەم بازنەیەی هەبووەو 18 هەزارو 29 دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا دەنگی گۆڕان یەكلاییكەرەوەیە بۆ كورسییەكی ئەم بازنەیەو بچێتەپاڵ هەر كاندیدێك دەیگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق.

یەكگرتووی ئیسلامیش لە هەڵبژاردنی 2018، لە گەرمیان 4 هەزارو 620 دەنگی بەدەستهێناوەو لە بازنەی دووی هەولێریش 3 هەزارو 412 دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم دەنگانەی یەكگرتوو ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكانی گۆڕان بەهێز دەكەن، بەتایبەت كە لەو دوو بازنەیە ململانێكە تووندەو چاوەڕوان دەكرێت یەكلاییكردنەوەی كورسییەك پێویستی بە دەنگێكی كەم بێت لە نێوان كاندیدەكاندا.

بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی سێی سلێمانی كە هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق‌و شارەزوور دەگرێتەوە كاندیدی نییە، یەكگرتووی ئیسلامیش لە بازنەی پێنج كە هەریەكە لە قەزاكانی؛ كەلار، كفری، چەمچەماڵ‌و دەربەندیخان دەگرێتەوە كاندیدی نییە، هەروەها لە بازنەی دووی هەولێریش یەكگرتوو كاندیدی نییە.