دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوە دەچێت

10-10-2021 07:07
مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دەنگی دا.

پەرەگراف

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەڕێوە دەچێت. دەنگدان لە كاتژمێر حەوتی بەیانی دەستی پێ‌ كرد و كاتژمێر شەشی ئێوارە كۆتایی دێت.

زیاتر لە 100 حیزب و 20 هاوپەیمانی لە پرۆسەكەدا بەشدارن. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، عێراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەش كراوە و لە هەر بازنەیەكیش كورسیی كۆتا بۆ ئافرەتان دانراوە.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت "زیاتر لە 24 ملیۆن و 29 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە و 21 ملیۆنیان كارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە ئامادەكاریی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كراوە و 24 كاتژمێر پاش كۆتاییهاتنی پرۆسەكەیش ئەنجامی دەنگدان ڕادەگەیەنن.

جەلیل عەدنان، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، سەبارەت بەو كێشە تەكنیكییانەی لە دەنگدانی تایبەتدا هەبوون، ڕایگەیاند "لە دەنگدانی تایبەتدا هیچ سكاڵایەك تۆمار نەكراوە و ڕێكارەكان تا ئاستێكی باڵا سەركەوتوو بوون".

هاوكات كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و كامێرا لەلایەن دەنگدەرانەوە بۆ ناو بنكەی هەڵبژاردن قەدەغەیە و پێویستە دەنگدەران بە دەمامكەوە دەنگ بدەن.

لای خۆیشیەوە عەبدولئەمیر شەمەری، سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان، ڕایگەیاند كە "هەماهەنگیی باڵا لە نێوان ئێمە و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەیە و لەسەر ئاستی باڵا ئامادەكاریی ئەمنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان كراوە".

"لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هێزی ئەمنیی زیاتر ڕەوانەی پارێزگاكان كراوە، لەوانە هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و دژەتیرۆر"، شەمەری وای وت.

سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەكان جەختی كردەوە "هیچ قەدەغەیەكی هاتوچۆ لەناو پارێزگاكاندا ڕانەگەیەندراوە، تەنیا هاتوچۆ لە بەینی پارێزگاكاندا قەدەغەیە".

ڕۆژی هەینی دەنگدانی تایبەت بەڕێوە چوو. كۆمیسیۆنی هەڵبژارنەكانی عێراق ڕایگەیاند "ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتدا لە سەرتاسەی عێراق لەسەدا 69 بووە".

لە چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش، بەرزترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای سلێمانی بووە كە لەسەدا 78 بووە، نزمترینش لە دهۆك بووە بە لەسەدا 69، لە هەولێریش ڕێژەی بەشداری لەسەدا 75 بووە. هەروەها لە كەركووك لەسەدا 62 بووە.