عەللاوی تەنها سبەینێی لەبەردەمدا ماوە؛ هێشتا كوردو سوننە دژن

01-03-2020 06:50
محەمەد تۆفیق عەللاوی


پەرەگراف

ئەمڕۆش زۆرینەی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون بچنە هۆڵی پەرلەمان‌و متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت ببەخشن، هێشتا سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كوردو سوننەو بەشێكی كەم لە شیعەكانی لەخۆی ڕازیی نەكردووەو دەنگی پێ نادەن.

ئەمە دووەم جار بوو دەنگدانی متمانە بەخشین بە حكومەت دوابخرێت، دوای ئەوەی پێنج شەممەی ڕابردووش محەمەد تۆفیق عەللاوی سەركەوتوو نەبوو لە خستنە سەرپێی كابینەكەی.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ دوا وادەیە لەبەردەم عەلاویدا بۆ متمانەدان بە كابینەكەی. دوای ئەوەی ئەمڕۆ تەنها 108 پەرلەمانتار ئامادەبوون‌و بەوەش ڕێژەی یاسایی پێكنەهات بۆ دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان.

سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق شەوێكی چارەنوسساز بەڕێدەكات، لایەنە شیعەكان بەتایبەت سەدرییەكان‌و هاوپەیمانیی فەتحی هادی عامری لە هەوڵی ڕازیكردنی ناڕازییەكاندان بۆ تێپەڕاندنی كابینەكە، هێشتا ڕوون نییە تا سبەینێ دوا هەڵوێست چیی دەبێت، بەڵام كوردو سوننە سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان، محەمەد تۆفیق عەللاویش هاوشێوەی ئەوان ئامادە نییە سازش بكات‌و بچێتە ژێرباری داواكارییەكان.

عەللاوی بۆ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناوی 16 وەزیری كابینەكەی ئاڕاستەی پەرلەمان كردبوو، پشكی كورد وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگریی لە لیستەكە دەرهێنابوو بە ئامانجی ئەوەی لانیكەم بە تێپەڕاندنی ئەو 16 وەزارەتە كابینەكەی لە وادەی دەستووریدا بخاتەسەر پێ، بەڵام ئەوەش سوودی نەبوو و پەرلەمانتارانی ڕازیی نەكرد.

كوردو سوننە نیگەرانن لەو میكانیزمەی عەللاوی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی گرتوویەتییەبەر كە ئامادە نییە كاندید لە حیزبەكان وەربگرێت بۆ وەزارەتەكان، ئەمە خاڵی جەوهەریی ناڕازیی بوونە لە عەللاوی، لە پاڵ ئەوەشدا بەرنامەی كابینەكەی تێبینی لەسەرەو دەستی نەخستووەتەسەر وردەكاریی ئەو پرسانەی بەلای كوردو تاڕادەیەك سوننەكانیشەوە جێی بایەخن.

پەرەگراف پێشتر ئەوەی ئاشكرا كرد، حیزبە كوردییەكانی دیكە ئەو گەرموگوڕییەی پارتی‌و یەكێتییان نییە بۆ دژ وەستانەوەی كابینەكەی عەللاوی، ئەگەر كارنامەی حكومەتەكەیان بەلاوە پەسەند بێت، ئامادەن لانیكەم لەسەر ئاستی تاك پەرلەمانتارەكانیان دەنگ بە كابینەكە بدەن، بەڵام نایانەوێت بە ڕوونی ئەمە ئاشكرا بكەن تا تۆمەتبار نەكرێن بە شكاندنی ئەو یەكڕیزییەی ئێستا سەرۆكایەتیی هەرێم لە هەوڵی پێكهێنانیدایەو دەیەوێت هاوپەیمانیی كوردستانیی لە بەغداد دروست بكاتەوەو سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان لەژێر یەك چەتردا كۆبكاتەوە.

محەممەد تۆفیق عەللاوی سیاسەتمەدارێكی شیعەی عێراقییەو پێشتر پۆستی باڵای هەبووەو لە كابینەی دووەمی نوری مالیكیدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن بووەو ساڵی 2012 بەهۆی كێشەی لەگەڵ مالیكی دەستی لەكاركێشاوەتەوە. 1-2-2020 لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە ڕاسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

ئەگەر عەللاوی سبەینێ سەركەوتوو نەبێت لەوەی بە متمانەی پەرلەمانتاران كابینەكەی پێكبهێنێت، تۆپەكە دەكەوێتەوە قاچی بەرهەم ساڵح‌و مانۆڕێكی نوێی سیاسیی دەست پێ دەكات بۆ ڕاسپاردنی كەسێكی دیكە تا كابینەیەكی نوێ پێكبهێنێت، بۆئەوەش دەبێت سەرباری هێزە گەورەكان‌و سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق(شیعەو كوردو سوننە) ڕەچاوی خواستی شەقامی ناڕازیی عێراقیش بكات.