كۆمەڵی دادگەری ئەنجامی "پێشبینینەكراو"ی دەنگەكانی خۆی ڕاگەیاند

11-10-2021 01:45

پەرەگراف

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئەنجامی بەرایی دەنگەكانی خۆی ڕاگەیاند كە بە "پێشبینینەكراو" ناوی بردووە و دەڵێت "كورسیەك بۆ كۆمەڵ لە بازنەی چواری سلێمانی یەكلا بووەتەوە و كێبڕكێی كورسییەكیش لە بازنەی چواری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەكەین".

بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، ئەو ئەنجامە هی "دەركەوتنی (%٩٠)ی ئەنجامی بەرایی دەنگەكان"ـە و هێشتا "كێبڕكێ"ی بەدەستهێنانی كورسییەكەی عەبدولستار مەجید لە بازنەی چواری ڕۆژهەڵاتی هەولێر كۆتایی نەهاتووە.

ئەنجامی دەنگەكانی كۆمەڵ لەناو ئەندامانی ئەو حیزبەدا كاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوپێیەی بەر لە هەڵبژاردن ئەو حیزبە پێشبینیی مسۆگەركردنی سێ‌ كورسیی بۆ خۆی كردبوو، لەگەڵ ململانێ‌ لەسەر دوو كورسیی دیكەیش.

"ڕاستە ئەنجامەكان بۆ ئیمە پێشبینینەكراو بوو، چ لە لای خۆمان چ لە لای دام و دەزگا و ناوەندەكانی توێژینەوە، بەڵام ویستی خوای گەورەیە و بە دڵی ئەوپەڕی ڕازییەوە پێشوازی لێ دەكەین و دڵنیاین خێری گەورەی بە ئاراستەی بووژانەوەی زیاتری ئەم كار و پرۆژە ئیسلامییە دەبێت"، بێستوون حەمەساڵح وا دەڵێت.

بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵ "دڵخۆش"ـە بەوەی كە "لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا كارێكمان نەكرد دوور بێت لە ئەخلاقی بەرزی ئیسلامیمان و بەهێزیی خۆمان لە لاوازیی كەسدا نەدەبینی و ئاواتە خوازی كەوتنی كەس نەبوین، پەنامان بۆ هیچ كارێكی ناشایستە نەبرد بۆ شكاند و لەكەداركردنی كەس".

بێستوون حەمەساڵح بەبێ‌ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك ببات، دەڵێت "دڵسافانە گوێمان بەو هەموو پڕوپاگەندە و كارە نەشیاوانەی بەرامبەرەكانمان نەدا و لەترسی خوای گەورە نەمان وێرا نەك تۆمەت، بەڵكوو وەڵامی تۆمەتەكانی بەرامبەریشمان بدەینەوە".

كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق پێنج كاندیدی هەبوو، سێ‌ لە سلێمانی و دوان لە هەولێر، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان تەنیا سۆران عومەر توانیویەتی دەنگی مسۆگەر بۆ بردنەوەی كورسییەكەی بەدەست بهێنێت، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئەو حیزبە دوو ئەندامی لە پەرلەمانی عێراق هەبوو و پێشبینیی زیادكردنی كورسییەكانی دەكرد.