یەكێتی: تەواوی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕەت دەكەینەوە

11-10-2021 02:19

پەرەگراف

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێری یەكێتی، ئەنجامی هەڵبژاردنی لە هەر چوار بازنەكەی ئەو پارێزگایە ڕەت كردەوە و دەڵێت "ئەنجامەكان دەستكاری كراون".

لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هەولێری یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەپێی ئەنجامی دەنگەكان كە بەدەستمان گەیشت، هەر چوار كاندیدەكەی یەكێتی دەنگی پێویستیان بۆ دەرچوون هێنابوو، بەڵام لە دواییدا ئەنجامەكان دەەستكاری كران".

لیژنەكە دەڵێت "لە هەر چوار بازنەكەی هەولێر دەنگەكان دەنگی حەقیقی نین و بە ئەلیكترۆنی داخڵ كراون، دەنگی كاندیدانی هاوپەیمانی و بەشێك لە لایەنەكانی تر سووتێنراون و كەم كراونەتەوە. لە كاتی بردنی سندووقەكانیش، نوێنەرەكانی ئێمە دوورخراونەتەوە".

"ئێمە وەكو یەكێتی، تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر ڕەت دەكەینەوە و چاوەڕێی ئەنجامی سكاڵاكان دەكەین"، لیژنەكە وا دەڵێت.