گۆڕان شكستی ڕاگەیاندو دەڵێت: داوای لێبوردن دەكەین‌و پێویستمان بە گۆڕانكاری ڕیشەیی هەیە

11-10-2021 02:40

پەرەگراف

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بڵاوكردەوەو دەڵێت: كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەكەوتوون.

"بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەكە و سیاسەتەكانی ھەیە" خانەی ڕاپەڕاندن وادەڵێت.

دەقی ڕاگەیەندراوی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان

ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان..

گۆڕانخوازان ..

ئەنجامە بەراییەكانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەری خست؛ كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەكەوتون.

لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەكاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەین و، دان بەوەدا دەنێین كە ھەڵە و كەموكوڕی لە ئێمە بوە كە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتیەكان بۆیە متمانەی خەڵكمان بەدەستنەھێناوە.

بە راشكاوی دەڵێین كە پێویستمان بە گۆڕانكاری و بەخۆداچونەوەی ریشەیی بزوتنەوەكە و سیاسەتەكانی ھەیە، چونكە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتوە و زۆرینەیان بایكۆتی ھەڵبژاردنیان كردوە، وەكچۆن زۆرینەی ھاوڵاتیان ھەمان شتیان كردوە.

ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لەئەستۆ بگرین و، لە نزیكترین كاتدا گۆڕانكاری ریشەیی دەكەین.

‎خانەی راپەراندن
١١ی١٠ی