مستەفا سەید قادر: ئامادەین بۆ كشانەوە لە حكومەت هەركاتێك گۆڕان بڕیار بدات

12-10-2021 03:12

پەرەگراف

مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەت ڕایگەیاند، ئامادەن لە حكومەت بكشێنەوە، هەركاتێك بزوتنەوەكە بڕیاری كشانەوە بدات.

لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، مستەفا سەید قادر دەڵێت "هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە ئێمە ڕێگربین لە بەردەم كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت. دڵنیاین خەڵك بڕوا بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكاریانە ناكات و هەركاتێك بزوتنەوەكەمان بڕیاریدا لەحكومەت بكشێتەوە ئێمە یەكەم كەس دەبین".

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە گۆڕان تووشی گەورەترین شكست بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و لەسەدا سەدی كورسییەكانی لەدەستداو هیچ پەرلەمانتارێكی لە عێراق نابێت، بزووتنەوەكە دەڵێت، گۆڕانكاریی ڕیشەیی دەكەین.

ئەمڕۆش جڤاتی گشتی گۆڕان كۆبووەوەو چەند پێشنیارێك ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی دەكات بۆ بڕیاردان كە سبەینێ كۆدەبێتەوە.

لەناو هەڵسوڕاوانی گۆڕاندا چەند پێشنیارێك گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت‌و بووەتە بابەتی گەرم، لەوانە؛ دەستلەكاركێشانەوەی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن، هەڵوەشاندنەوەی جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی، كشانەوە لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان.