چەند ژن دەچنە پەرلەمانی عێراق و چەندیان بە دەنگی خۆیان دەرچوون؟

12-10-2021 07:12
دەنگدانی دەنگدەرێكی ژن لە سلێمانی/10-10-2021. وێنە؛ پەرەگراف.

پەرەگراف

97 ژن توانیویانە كورسیی ئەنجومەنی نوێنەران لەم هەڵبژاردنەدا ببنەوە و ئەو ژمارەیە تێپەڕێنن كە بە كۆتا بۆیان دیاریكراوە.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، بردنەوەی كاندیدە ژنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەشداری سیاسی، بەتایبەت كە ئەوان نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی عێراق دەكەن و گوزارشت لە خەون و ئاواتەكانیان دەكەن.

"سەركەوتنی ئەو ژنانە بۆ پەرلەمانی نوێ، ئەنجامێكی سروشتیی هەوڵەكانیانە كە ئازایانە سوربوون لەسەر بەشدارییەكی كارا، ئەزمونی ئەوان لە مڕۆدا سەركەوتنە بۆ ژنانی عێراق و جێی شانازیی هەمووانە" یوسرا كەریم موحسن بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی تواناسازیی ژنان لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنەكە لە بەیاننامەكەدا وادەڵێت.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردن، ژنان توانیویانە 97 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران ببەنەوە، واتە 14 كورسی لەو ژمارەیە زیاترە كە بەشێوەی كۆتا بۆیان دیاریكراوە، دوان لە براوەكانیش لە پێكهاتەكانی دیكەن.

هەر بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان، 57 ژن كە نیوەی ژنە براوەكان زیاترە، بە دەنگی خۆیان بوونەتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و پێویستیان بە سیستمی كۆتا نەبووە.

"پەیامی ڕاستەقینەی ژنان تەنیا بە چونە پەرلەمان تەواو نابێت، بەڵكو پێویستە لەسەریان لە سەرجەم قۆناغەكانی كاری سیاسی و دروستكردنی بڕیاردا بەشدارییان هەبێت، گرنگی بە دۆسیەكانی ژنان بدەن و مافەكانیان لە كۆمەڵگە بۆ دابین بكەن" یوسرا كەریم موحسن.

بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان پشتیان بە ژنان بەستبوو، بۆ زۆرینەی بازنەكان كاندیدی ژنیان دانابوو، بۆ ئەوەی ئەگەر كاندیدە پیاوەكانیشیان ئەگەری دەرچونیان نەبێت، ئەوا كاندیدە ژنەكە بتوانێت لەڕێی سیستمی كۆتاوە كورسییەكی پەرلەمان بباتەوە.

هەژدە پارێزگاكەی عێراق بۆ 83 بازنە دابەشكرابوو، دەبوو لە هەر بازنەیەك یەكێك لە كاندیدە ژنەكان بە كۆتا دەربچێت، بەڵام لە 14 پارێزگا زیاتر لە ژنێك توانیویانە سەركەوتووبن، بەوەش ئەو ژمارەیەی كە بە كۆتا بۆیان دیاریكرابوو تێیان پەڕاند.

كاندیدی لایەنە كوردییەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كاندیدی هەبوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان توانیویەتی 32 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خۆی مسۆگەر بكات، لەو ژمارەیەش 11 كاندیدی ژنن كە بەشێكیان بە دەنگی خۆیان دەرچوون.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لیستێكیان هەبوو، 17 كاندیدی دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە لەلایەن كۆمسیۆنە ڕاگەیەندراوە، لەو ژمارەیەش هەشت كاندیدیان ژنن كە بەشێكیان بە سیستمی كۆتا دەرچوون و ژمارەیەكیشیان دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە، بەجۆرێك ژنە كاندیدێكی حزبەكە لە كەركوك بەناوی دیلان غەفور-بە سەربەخۆ خۆی كاندید كردبوو- زۆرترین دەنگی لەناو كاندیدەكانی یەكێتی بەدەستهێناوە لەسەر ئاستی تەواوی بازنەكانی عێراق.

نەوەی نوێ كە موفاجەئەی هەڵبژاردنەكە بوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان نۆ كورسیی بەدەستهێناوە كە چواریان ژنن و سیانیان لەڕووی دەنگەوە یەكەمی بازنەكانی خۆیان بوون، هەروەها سروە عەبدولواحید كاندیدی نەوەی نوێ لە بازنەی چواری سلێمانی زیاتر لە 30 هەزار دەنگی هێناوەو بووە بە یەكەمی ژنە كاندیدەكانی عێراق لەڕووی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان چوار كورسی پەرلەمانی عێراقی بۆ خۆی بردۆتەوە، كە دووانیان لە سلێمانین و دوانی دیكە لە دهۆك، بەڵام هیچ كاندیدێكی ژنیان دەرنەچووە و هەرچوار نوێنەرەكەی پیاون، كۆمەڵی دادگەریش كورسییەكی بازنەی چواری سلێمانی بردووەتەوە و دوو كاندیدی ژنی هەبوو كە هیچیان دەرنەچوون.

بەشێوەیەكی گشتی بەپێی ئەنجامە بەراییەكان حزبەكانی هەرێمی كوردستان توانیویانە 63 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران ببنەوە، لەو ژمارەیەش 23 كاندیدی ژن دەرچون لەگەڵ 40 پەرلەمانتاری دیكەی پیاو دەچنە بەغداد.