مستەفا كازمی بڕیاریدا دەستگیركراوەكانی كەركوك ئازاد بكرێن

13-10-2021 01:47

پەرەگراف

مەسرور بارزانی‌و مستەفا كازمی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان لەبارەی دۆخی كەركوك‌و دەستگیركردنی دەیان گەنجی كورد ئەنجام دا، تەئكیدیان كردەوە پێویستە بە زووترین كات، كۆتایی بەو دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە بهێنرێت كە لە كەركووك دروستكراوەو كازمی بڕیاریدا، هەموو دەستگیركراوەكانی كەركووك ئازاد بكات.

حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، مەسرور بارزانی‌و مستەفا كازمی لە پەیوەندییەكەدا، گفتوگۆیان دەربارەی بارودۆخی شاری كەركوك كرووە،"كە لە دوای سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە لایەن هەندێك كەسەوە، هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەركەوتنی پرۆسەی دەنگدان".

بارزانی‌و كازمی هاوڕابوون لە سەر ئەوەی "نابێت ڕێگە بە هیچ كەس و لایەنێك بدرێت، كە ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵك و ماڵی گشتی بگات، بۆیە پێویستە بە زووترین كات، كۆتایی بەو دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە بهێنرێت كە لە كەركووك دروستكراوە. سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، بڕیاریدا، هەموو دەستگیركراوەكانی كەركووك ئازاد بكات" ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم وادەڵێت.

لە كەركوك چی ڕوویدا؟

شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەكانی كەركوك دەیان گەنجی كوردیان دەستگیركرد كە بەشێكیان تائێستاش لە زیندانن، ئەو گەنجانە بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش" دەدرێنە دادگا.

پارتی‌و یەكێتی دەڵێن، قسەیان لەگەڵ مستەفا كازمی كردووە دۆخی كەركوك ئاسایی بكاتەوە، پارتی، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بە "دروستكردنی ئەو ئاژاوەیە".

ئەو گەنجانە دوو شەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی عێراق لە هەردوو فولكەی ئیخوان لە گەڕەكی رەحیماوا و بازاڕی شۆریجە ئاهەنگ دەگێڕن بە ئاڵای كوردستان‌و حزبە كوردییەكانەوە، دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆتە دەمەقاڵێ و سەریكێشاوە بۆ بارگرژی.

بەپێی ماڵپەڕی كەركوك ناو، هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی چونەتە هەردوو گەڕەكەكە و هێزیان جێگیركردووە، 65 گەنج دەستگیركراون و ژمارەیەكیش ڕوبەڕی "ئەشكەنجە" بونەتەوە، هێزە ئەمنییەكانیش بەشێكیان بە دەبە و بەرد پەلاماریان دراوە و هەوڵدراوە ئاڵای هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەكانیان.

ئەحمەد عەلی، مامی یەكێك لە دەستگیركراوەكان، دەڵێت "برازاكەم پۆلی سێی ناوەندییە، لەكاتێكدا لە ئیش گەڕاوەتەوە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە گەڕەكی شۆریجە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە... ئێمە نە یەكێتین نە پارتین، هیچ پەیوەندییەكمان بەو ئاهەنگ و گرژییانەوە نییە و كوڕەكەمان بێ تاوانە".

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی كەركوك، دەڵێت "گەنجەكان تۆمەتباركراون بە تێكدانی ئاسایشی كەركوك و رێگرییكردن لە كاركردنی هاوڵاتیان بۆیە ئەمڕۆ ڕەوانەی دادگا دەكرێن".

لەو 65 گەنجە، 36 گەنجیان لە گەڕەكی شۆڕیجە و 29ی تریش لە گەڕەكی رەحیماوان، لەلایەن سوپا و لیوای تایبەتی 61وە دەستگیركراون و دواتر رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كراون، بە ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عێراقی.

بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە، هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزادی ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە.

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازیان بۆ گردبونەوەكە كردووە، یان بەڕێوەیبردووە، یان بەشداری تیادا كردبێت و ئاگاداری ئامانجەكەی بوبێت. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەكەی چییە.

لیوای تایبەتی 61، شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە "هەندێك كەسی نەناسراو شەوی 10ی تشرینی یەكەم، هێرشیانكردتە سەر كاروانێكی سەربازی لە ناوچەی ڕەحیماوە و ئەمڕۆش (11ی مانگ) هەمان هێرش و دەستدریژی لە شۆڕیجە و موسەڵا دژ بە هێزە ئەمنییەكان دوبارەبونەتەوە".

هەروەها هاتووە كە دوای جوڵەپێكردنی لیوای تایبەتی 61، بۆ ئەو گەڕەكانە، ژمارەیەك "چەكدارمان" لە شۆریجە دەستگیركردووە كە نزیكەی 30 كەسن و تۆمەتبارن بە دەستدرێژیی و هەڵكوتانە سەر سوپا.

هاوكات فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو رێكارێكی یاسایی بگرێنەبەر بەرامبەر بە ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری شارەكە دەدەن، ئەركی ئێمەیە پارێزگاری لە هاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان بكەین".

"هەر كەسێك كاری گێرەشێوێنی بكات، یان هەوڵبدات بارودۆخی ئەمنی سەقامگیر تێك بدات، ئەوا دەستگیر دەكرێت... ئەو سەقامگیرییەی هەیە ئەنجامی ساڵانێك لە هەوڵ و تێكۆشان و شەونخونییە بۆیە بە هیچ شێوەیە رێگە بە تێكدان و كاری گێرەشێوێنی نادرێت و رێكاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر، لە پێناو ئاسایشی هەموو هاوڵاتیاندا".

ئەو ئاهەنگ و گردبونەوانە لەكاتێكدایە، كورد لە پارێزگای كەركوك بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن شەش كورسی لە پارێزگاكە بەدەستهێناوە، ئەوەش هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018یە و دوو كورسیش لە هەڵبژاردنی 2014 كەمترە.

پارتی‌و یەكێتی چی دەڵێن؟

پارتی ‌و یەكێتی دەڵێن، نێچیرڤان بارزانی‌و بافڵ تاڵەبانی قسەیان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووەو داوایان لێكردووە دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە.

پارتی، یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی "كەسانێك لە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم ئاژاوەیان دروستكردووە".

كەمال كەركوكی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركرك-گەرمیانی پارتی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەھۆی ئەو شكستەی تووشی بوونە كە چەند كورسیەكیان لەدەستدا، چەند كەسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركووك، تەقەیان بەسەر سوپا و ئاھەنگگێڕاندا كردووە كە بووەھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیس، بە ناھەق لەگەڵ چەند گەنجێكی دڵسۆز بە دەست و بە قۆناخە تفەنگ ڕووبەرووی یەك ببنەوە، لە ئەنجامدا لە لایەن ژمارەیەكی كەسی كورد وەڵام درانەوە، پاشان سوپا و پۆلیسی ئیتحادی ژمارەیەك كەسی بێتاوانیان لەو گەنجانە دەستگیر كرد".

هاوكات محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لە كەركوك دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەی كردووە و داوای كردووە دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە.

هەرلەسەر ئەو دۆخەی كەركوك، مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوێكدا نیگەرانیی پیشانداو دەڵێت، لە دوێنێ شەوەوە بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆكی یەكێتی، مستەفا كازمی ئاگادار كردوەتەوە لە پەلاماردانی ماڵی كورد و پێشێلكاری ھێزە ئەمنییەكان و دەستگیركردنی گەنجان.

لە وەڵامی پارتیشدا، یەكێتی دەڵێت، كەركوكییەكان لە ھەر موزایەدەو دروشم بازییەك بە گەورەتر دەزانێت كە ھەندێك لایەن و لە نێوانیاندا ھەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ مەرام و دەستكەوتی بچووكی حیزبی دۆزی گەورەی كەركوك و چارەنووسەكەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی.

"یەكێتی پارێزگاری لەو پێكەوە ژیانەی كەركوك دەكات، ھاوكات پارێزەری ماف و خاك و كوردستانی بوونی شارەكە دەكاتەوە و بەم ستراتیژە كاردەكات و لەھیچ لایەنێكی قبوڵناكات درێژە بەم جۆرە ڕەشبگیرییە بدات و ژیان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە بۆ ھەر ئەگەرێكیش یەكێتی بژاردەی یەكلاكەرەوەی ھەیە" مەكتەبی سیاسی یەكێتی وادەڵێت.