بافڵ تاڵەبانی لە گردی زەرگەتە لەگەڵ عومەری سەید عەلی کۆدەبێتەوە

13-10-2021 03:42
سەردانەكەی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی بۆ گردی زەرگەتە. وێنە؛ بڕیار نامیق

پەرەگراف 

بافڵ تاڵەبانی سەردانی بارەگای سەرەکی گۆڕانی کرد لە گردی زەرگەتەو لەگەڵ ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە كۆبووەوە.

سەرچاوەیەك لە بزووتنەوەكە بۆ پەرەگراف وتی "بافڵ تاڵەبانی بۆ تەئكیدكردنەوە لە پتەویی پەیوەندییەكانیان سەردانی گۆڕانی كرد".

گۆڕان لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كوردستاندا بەشداربوو لە هەڵبژاردن، بەڵام هیچكم لە حەوت كاندیدەكەی دەرنەچوون، ئێستا یەكێتی پەیامی ئەوەی بە بزووتنەوەكە گەیاندووە كە ئامادەن لە بەغداد پێكەوە كاربكەن‌و هەر پۆستێكیان وەرگرت پشكی گۆڕان دەدەن.

سەردانەکەی ھاوسەرۆکی یەکێتی لەکاتێکدابوو، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆبوونەوەدایەو تاوتوێی چەند پێشنیارێک دەکات بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو دۆخە نوێیەی بزوتنەوەکەی تێکەوتووە لەدوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھیچ کورسییەکی بەدەست نەھێنا.

لەناو هەڵسوڕاوانی گۆڕاندا چەند پێشنیارێك گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت‌و بووەتە بابەتی گەرم، لەوانە؛ دەستلەكاركێشانەوەی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن، هەڵوەشاندنەوەی جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی، كشانەوە لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان.

دوێنیش مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەت ڕایگەیاند، ئامادەن لە حكومەت بكشێنەوە، هەركاتێك بزوتنەوەكە بڕیاری كشانەوە بدات.

لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، مستەفا سەید قادر وتی "هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە ئێمە ڕێگربین لە بەردەم كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت. دڵنیاین خەڵك بڕوا بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكاریانە ناكات و هەركاتێك بزوتنەوەكەمان بڕیاریدا لەحكومەت بكشێتەوە ئێمە یەكەم كەس دەبین".

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە، گۆڕان لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن داوای لێبوردنی لە جەماوەرەكەی كردو ڕایگەیاند، گۆڕانكاریی ڕیشەیی دەكەین.