چوار حاڵەتی كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار كران

01-03-2020 06:57

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی تۆمار كردنی 4 حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە سلێمانی ڕاگەیاند، پێكهاتوون لە خێزانیكی ٣ كەسی و ئافرەتێك كە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردووە.

وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دوای گەڕانەوەیان لە پڕۆسەی كەڕەنتین و چاودێریكردنی تەندروستی پشكنینیان بۆ كراوەو لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی جیاكراوەی تایبەت بەم نەخۆشییە دانراون و باری تەندروستیان جێگیرە.

پارێزگاری سلێمانی‌و بەڕێوەبەری ئاسایش‌و تەندروستیی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو دڵنیاییاندا لەوەی ئەو چوار تووشبووە تەندروستییان باشەو سەرجەم توشبوەكان ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەیان لە ئێران لە سنوری باشماخەوە ڕەوانەی كەرەنتینە كراون و تێكەڵاوی كەسانی دیكە نەبوون.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی وتی، سێ كەسیان ئەندامی یەك خێزانن، ژن و پیاوێك و منداڵێكن كە لەئێران گەڕاونەتەوە، پیاوەكە تەمەنی 31 ساڵە، ژنەكەش 23 ساڵا، منداڵەكەشیان تەمەنی هەشت ساڵە، كەسی چوارەمیشیان ژنێكەو تەمەنی 22 ساڵە كە ئەویش بەهەمانشێوە لەئێران گەڕاوەتەوە.

لایخۆیەوە د. سەباح نەسرەدین، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی جەختی لەسەر هەوڵەكانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كردەوەو ڕایگەیاند، تەمەنی 4 كەسە تووشبووەكە یارمەتیدەرە بۆئەوەی بەسەر ڤایرۆسەكەدا زاڵ ببن.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئەوەی خستە ڕوو، پێویستە هاوڵاتیان تۆماركردنی ئەو چوار حاڵەتە بەخاڵێكی نەرێنیی وەرنەگرن، بەڵكو لەڕووی زانستیەوە خاڵێكی ئەرێنییە، "ئەو هاوڵاتیانەی نەخۆشیەكەیان تێدا تۆماركراوە هیچ نیشانەیەكیان نەبوە، بەڵام بەگوێرەی ئامێرەكانی خۆمان لەناو سەدان هاوڵاتی كەرەنتینەكراودا دۆزراونەتەوە، ئەمەش دەسكەوتێكی گەورەیە".

بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانیش داوای لەهاوڵاتیان كرد، زانیارییان پێبدەن لەسەر ئەو كەسانەی لە ئێرانەوە بە ڕێگەی نایاسایی گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.

لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنەدەن هاوڵاتیان لەئێران و بەڕێگەی نایاسایی بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، وتیشی"دەستمان گرتووە بەسەر ژمارەیەك ئۆتۆمبێلدا كە كاری نایاساییان پێكراوە لەگواستنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەجۆرێك كە كەسانی نەفس نزم و قاچاخچی بو‌ون و دۆخەكەیان قۆستووەتەوە تا لەبەرامبەر بڕێك پارە هاووڵاتییان بەبێ كەرەنتینە بگەڕێننەوە ناو سلێمانی".

بەیاننامەیەك لە وەزارەتی تەندروستیییەوە

لە بەردەوامی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی كۆردستان بەهۆی هەبوونی ژمارەیەكی زۆری تووشبوان لە جیهان و وڵاتانی دەوروبەردا و گەڕانەوەی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیانی گەشتیار لەو ووڵاتانەدا، تیمەكانی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە ڕێكاری پێویست بۆ خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێكراوان و ئامادەكاریەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ئەم پەتایە لە هەرێمی كوردستان.

بە هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین كە ئەمرۆ یەكشەمە ١ی ئازاری ٢٠٢٠، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا پشكنین بۆ (٢٤) گومانلێكراو ئەنجامدرا كە لە نێویاندا (٤) هاوڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشكنینەكانیان دەرچوو كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆڕۆنای نوێ COVID-19 كە پێكهاتبوون لە خێزانیكی ٣ كەسی و ئافرەتێك كە سەرجەمیان پێشتر سەردانی ووڵاتی ئێرانیان كردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پڕۆسەی كەڕەنتین و چاودێری كردنی تەندروستی پشكنینیان بۆ كرا وە لە كاتی ئێستادا لە نەخۆشخانەی جیاكراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون و باری تەندروستیان جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەكاتەوە كە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەكانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێكراوێك و گەشتیارێك كە دوورن لە چاوی تیمەكانی تەندروستی.

هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە كاری پێویست بۆ ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێكراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەكان.

وەزارەتی تەندروستی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
١ ی ئازاری ٢٠٢٠