خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان دەستلەکار کێشانەوەی ڕاگەیاند

13-10-2021 06:56

پەرەگراف

خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە، هاوکات لەزووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت.

ئەو بڕیارە بۆ دەستلەكار كێشانەوەی خانەی ڕاپەڕاندن كە باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێكردنی بڕیارە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، دوای شكستی گەورەی ئەو بزووتنەوەیە دێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا.

خانەی ڕاپەڕاندن‌و دامەزراوەكانی دیكەی گۆڕانی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووندی جەماوەرەكەیان كردەوە.

خانەی ڕاپەڕاندن لە ڕێكخەری گشتی‌و شەش ئەندام پێكدێن.

دوای دەركەوتی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، دوو ڕۆژە جڤاتەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی چڕدان لە گردی زەرگەتە بۆ بڕیاردان لە گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئەم قۆناغەیان كە بەڵێنیان بە جەماوەرداوە لە دوای ئەو ئەنجامە خراپەی هەڵبژاردن.

گۆڕان لەگەڵ یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی كوردستاندا بەشداربوو لە هەڵبژاردن، بەڵام هیچكم لە حەوت كاندیدەكەی دەرنەچوون، ئێستا یەكێتی پەیامی ئەوەی بە بزووتنەوەكە گەیاندووە كە ئامادەن لە بەغداد پێكەوە كاربكەن‌و دەیانەوێت درێژە بە هاوپەیمانییەكەیان بدەن.

ئەمڕۆش بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هەمان مەبەست سەردانی گردی زەرگەتەی كردو لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان كۆبووەوە.

دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەناو هەڵسوڕاوانی گۆڕاندا چەند پێشنیارێك گفتوگۆی لەبارەوە كراو بووەتە بابەتی گەرم، لەوانە؛ دەستلەكاركێشانەوەی ڕێكخەری گشتی‌و خانەی ڕاپەڕاندن كە ئەمڕۆ بڕیارەكەی درا، هەروەها لە پێشنارەكانی دیكە كە گفتوگۆی لەسەرە؛ هەڵوەشاندنەوەی جڤاتی گشتی‌و نیشتمانی، كشانەوە لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان.

دوێنیش مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی تیمی گۆڕان لە حكومەت ڕایگەیاند، ئامادەن لە حكومەت بكشێنەوە، هەركاتێك بزوتنەوەكە بڕیاری كشانەوە بدات.

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، مستەفا سەید قادر وتی "هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكەینەوە كە ئێمە ڕێگربین لە بەردەم كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت. دڵنیاین خەڵك بڕوا بەم جۆرە هەواڵە چەواشەكاریانە ناكات و هەركاتێك بزوتنەوەكەمان بڕیاریدا لەحكومەت بكشێتەوە ئێمە یەكەم كەس دەبین".