جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە

13-10-2021 08:16

پەرەگراف

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێت، ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکار کێشانەوەیان پێشکەش کرد، ئەوەش بە "دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن" لەقەڵەم دەدات.

جڤاتەکە لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەڵێت "ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا".

راگەیەندراوی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٣ی ١٠ی ٢٠٢١، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا. تێیدا:

یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە وئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆگۆڕانکاری.

دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە رێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی،میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێ درا.

سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیانکردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.

چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان راستدەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

١٣ی ١٠ی ٢٠٢١