پەرەگراف
كوڕێكی محەمەد عوسمان ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، پاسەوانێكی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەروازە سیتی لە سلێمانی بە فیشەك كوشت.
ڕووداوەكە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، سەرچاوەیەك لە دەروازە سیتی كە ئاگاداری ڕووداوەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "لە كاتی هاتنە ژوورەوەی شۆفێرەكە بۆ ناو دەروازە سیتی، لەگەڵ پاسەوانەكە بووە بە دەمەبۆڵەیان، دواتر گەڕاوەتەوە و دوو فیشەكی بە پاسەوانەكەوە ناوە و كوشتویەتی".
پەرەگراف پەیوەندیكرد بە محەمەد عوسمان باوكی بكوژەكە، كەسێكی نزیكی وەڵامی پەیوەندییەكەی دایەوەو ڕاستیی ڕووداوەكەی پشتڕاست كردەوە.
ئەوكەسە نزیكەی وتی "بكوژەكە ڕایكردووەو خۆی شاردووەتەوەو لە هەوڵی ئەوەداین ڕادەستی یاسای بكەین".
ئەو كەسە نزیكەی ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم بازگەكانیان ئاگادار كردووەتەوەو بۆئەوەی ئەو كوڕەیان دەستگیر بكرێتو ڕادەستی یاسای بكەن.
محەمەد عوسمان ماڵیان لە پڕۆژەی دەروازە سیتی یە، بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف ئەو كوڕەیشی كە پاسەوانەكەی كوشتووەو خوێندكاری زانكۆیەو دوو ساڵی ماوە كولێژێكی پزیشكیی تەواو بكات.
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم ڕووداوە، پەرەگراف پەیوەندیی بە سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانییەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.