مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕادەسپێرێت بۆ دابینكردنی نەوت‌و بەنزین

14-10-2021 04:41

پەرەگراف

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین‌و نەوت لە هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە سەردانی بەغداد بكەن بۆ چارەسەری ئەو پرسەو لەگەڵ كەرتی تایبەتیش پلان دابنێن تا قەیران دروست نەبێت.

ڕاگەیەندراوی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە بەنزین بۆ هاووڵاتیان دابین بكات بە نرخێكی گونجاو، بەڵام بە هۆی ئەوەی بەشێكی زۆری بەنزین لە دەرەوەی هەرێم هاوردە دەكرا كە ئەوەش پەیوەست بوو بە نرخی نەوت، و لە ڕابردووشدا نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا بەرزبۆوە كە هاوكات بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش، هەروەها هەناردەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان لە هەندێك دەروازە راگیراوە، بۆیە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ‌وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە سەردانی بەغداد بكەن بۆ گفتوگۆكردن بە مەبەستی چارەسەركردنی بەشێك لە گرفتەكان، لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆكی حكومەت وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی بكەن لەگەڵ كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی پلانی گونجاو بۆ هاوردەكردنی بەنزین دابنرێت تاوەكو لە داهاتوودا قەیران دروست نەبێت.

سەبارەت بە نەوتی سپی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕاسپێردراوە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە لە ڕێگەی دابینكردنی نەوتی سپی و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیان لە زووترین كاتدا. بۆیە هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەت هەموو هەوڵێك دەدات بۆ چارەسەر كردنی ئەم گرفتە.

د جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
١٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢١