سەدر هەنگاو بۆ پێكهێنانی حكومەت دەنێت

14-10-2021 05:34

پەرەگراف

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانە، لە یەكەم هەنگاودا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لیژنەیەكی دانوستانكاری ڕاگەیاند بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان.

لە بەیاننامەیەكدا كە سەدر بەدەستنوسی خۆی دەریكردووە و ڕێكەوتی ئەمڕۆ 14 تشرینی یەكەمی لەسەرە، كوتلە سیاسییەكانی ئاگادار كردووتەوە كە ئەو لیژنەیە نوێنەرایەتی ئەو دەكەن و هیچ كەسێكیش بۆی نییە دەست لە كاروبارەكانیان وەربدات.

ئەندامەكانی لیژینەكە پێكهاتوون لە؛ حەسەن عەزاری وەك سەرۆك، نەسار ڕوبەیعی و نەبیل تەڕەفی وەك جێگیری یەكەم و دووەم، حاكم زاملی وەك پاڵپشتیكاری لیژنەكە.

"لیژنەكە دەسەڵاتی تەواویان هەیە لە بابەتی دروستكردنی هاوپەیمانیی پەرلەمانی و سیاسی بۆ ئەم قۆناغە، لە كارە گرنگەكاندا بگەڕێنەوە بۆلامان، هەروەها خۆیان بەدووربگرن لە دروستكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانەی تێبینیمان لەسەریان هەیە، بەپێی بەرژەوەندییە گشتییەكان كار بكەن" سەدر لە بەیاننامەكەیدا وادەڵێت.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕەوتی سەدر زیاتر لە 70 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام پێكهێنانی حكومەتی عێراق پێویستی بە كوتلەی گەورە و پێكهێنانی هاوپەیمانیی هەیە، بۆیە سەدر وەك خاوەنی زۆرترین ڕێژەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، دەیەوێت لەگەڵ چەند لایەنێكی دیكە كوتلەیەكی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت دروست بكات.

بۆچی سەدر یەكەم بوو؟

"بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكەم، نیشتیمان لە هەموو ئەوانە گرنگترە"، ئەمە ئەو وتەیەبوو موقتەدا سەدر لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەڕێی پەیامێكی تەلەفزیۆنییەوە پێشكەشی كرد.

هەڵوێستەكەی سەدر دوای چەند ڕۆژێك هات لە ئاگرەكەی نەخۆشخانەی حسێن لە ناسریە كە بەهۆیەوە زیاتر لە 60 كەس گیانیان لەدەستدا، ئەوەش توڕەبوون و ناڕەزایەتییەكی جەماوەریی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەو كاتەدا ڕاپۆرتێكی لەبارەی هەڵویستەكەی سەدر بڵاوكردەوە، حەمدی مەلیك توێژەر لە پەیمانگای واشنتۆن تێیدا باسی لەوەكرد، سەدر دەیەوێت بەو كارەی ببێتە پێشەنگی ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر سوتانی نەخۆشخانەكە و نەبونی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكان، ئەو توێژەرە لەو كاتەدا وتویەتی، ڕێبەری ڕەوتی سەدر بەشداریی هەڵبژاردنەكان دەكات و بە ئەنجامێكی باشیشەوە دێتە دەرەوە.

ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان شیكاریی ڕاستی، ڕاپۆرتەكەی ئەو كاتەی دەرخست، ڕەوتی سەدر زیاتر لە 70 كورسی بەدەستهێناوە كە زۆر لە ژمارەی كورسییەكانیان لە هەڵبژاردنی 2018 زیاترە، كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی سائیروندا 54 كورسییان بەدەستهێنا.

عەمار حەكیم ڕابەری ڕەوتی حیكمە لە 16 حوزەیراندا پەیامێكی ئاڕاستەی سەدر كرد و داوای لێكرد لە بڕیاری بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن پەشیمان ببێتەوە، ئەوەش لە پێناو نیشتیمان و چۆڵنەبونی گۆڕەپانەكە و پاراستنی دیموكراسیەت، بەڵام یەكێك لە موفاجەئەكانی هەڵبژاردن ئەوەبوو، ڕەوتەكەی حەكیم بە شكستێكی گەورەوە لە هەڵبژاردن هاتە دەرەوە.

هاوپەیمانی فەتح بەهەمان شێوە نەیتوانی لە هەڵبژاردنەكاندا ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنێت، ئەوەش هێندەی تر بەسودی سەدربوو كە بیكاتە براوەی یەكەم و بە ژمارەیەكی زۆر پێش لایەنەكانی دیكە بكەوێت.

چاودێران پێشبینی دەكەن، ڕەوتی سەدر لەگەڵ لیستی تەقەدوم و پارتی دیموكراتی كوردستان‌و چەند ئەندامێكی سەربەخۆ كوتەلەیەكی گەورە دروست بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

هەروەها پێشبینی دەكرێت بەشێكی كوتلەی تشرینییەكان كە بەوانە دەوترێت دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 دروست بوون بەشداریی ئەو هاوپەیمانێتییە بكەن، هەرچەندە پێشتر ئەوان سەدریان بە یەكێك لە چینە دیارەكانی دەسەڵاتی عێراق دەزانی، بەڵام دەبێت بەپێی ئەو ژمارە زۆرە كورسییەی سەدرییەكان بەدەستیان هێناوە و بەپێی واقعی سیاسی قۆناغەكە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكرێت.

هۆكارەكانی سەركەوتن

بردنەوە گەورەكەی ڕەوتی سەدر هۆكاری جیاوازی هەیە، كەمیی بەشداری و بایكۆت یەكێكە لە هۆكارەكان، چونكە سەدرییەكان ناتوانن لە قسەی ڕابەرەكەیان دەرچن و زۆرینەیان بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانیان كردووە، بەتایبەت لە ناوچە هەژارنشینەكان و ئەوانەی خزمەتگوزارییان كەمە، بەڵام یەكێكی دیكە لە موفاجەئەكان ئەوەبووە سەدر لە شاری نەجەفیش سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە كە ناوچەی ئەوان نییەو تاڕادەیەك دژی وتار و هەڵوێست و بیركردنەوەی سیاسیی سەدرن.

موقتەدا سەدر وەك عێراقییەكی عەرەبی سودی لەوە وەرگرتووە كە هەمیشە باسی سەربەخۆیی عێراق و نەچونە ژێر هەژمونی وڵاتانی دیكە دەكات، بەجۆرێك بەتەواوی لەژێر باڵی ئێران هاتووەتە دەرەوە، لەهەمانكاتدا تاڕادەیەك بەڕووی وڵاتانی كەنداودا كراوەتەوە و سەردانی ڕیاز و ئەبوزەبی كردووە.

هەرچەندە ڕەوتی سەدر خاوەنی هێزێكی چەكدارە بەناوی سەریا سەلام، بەڵام وەك هێزە چەكدارەكانی دیكە چالاكیی زۆر نییە و شەڕی دژی هێزەكانی ئەمریكای نەكردووە، بەردەوامیش داوای ئەوەی كردووە چەك بگەڕێتەوە ژێر دەستی حكومەت و لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەكارنەهێنرێت.

لێرەوە سەدر هەوڵی ئەوە دەدات بەرهەمی ئەو بردنەوەیە بچنێتەوە، تەنانەت ئەگەر سەرۆكوەزیران سەر بە ڕەوتەكەیشی نەبێت، بەتایبەت ئەگەر مستەفا كازمی جارێكی دیكە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید بكرێتەوە، كە ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنی ئەو دوو كەسە و هاوپەیمانێتییەكان دەبێت، بەو كارەش سەدر وەزارەتی سیادی وەردەگرێت و قسەی زیاتر كاریگەر دەبێت و گوێی لێدەگیرێت.