پەرەگراف
ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی پاسەوانەکەی دەروازە سیتی ڕاگەیاند کە کوڕی محەمەد عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە.
ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاش ئەوەی ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئاگادار كرانەوە لە بوونی تاوانێكی كوشتنی كارمەندێكی ئەمنی(سیكویریتی) یەكێك لە سیتییەكانی سلێمانی، ھێزەكانمان لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ھەوڵەكانیان چڕ كردەوە و توانیان پاش چەند سەعاتێك لە ئەنجامدانی تاوانەكە، تاوانبارەكە دەستگیر بكەن.
"کە ناوی (ب. م) كوڕی بەرپرسێكی شاری كەركوكە و بەسوپاسەوە كەسوكارەكەشی ھاوكار بوون لە دەستگیركردنی" ئاسایشی سلێمانى وادەڵێت.
پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشکرا کرد، بکوژەکە كوڕێكی محەمەد عوسمان ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییە.
ڕووداوەكە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە، سەرچاوەیەك لە دەروازە سیتی كە ئاگاداری ڕووداوەكەیە بۆ پەرەگراف وتی "لە كاتی هاتنە ژوورەوەیشۆفێرەكە(بکوژ) بۆ ناو دەروازە سیتی، لەگەڵ پاسەوانەكە بووە بە دەمەبۆڵەیان، دواتر گەڕاوەتەوە و دوو فیشەكی بە پاسەوانەكەوە ناوە وكوشتویەتی".
پەرەگراف پەیوەندیكرد بە محەمەد عوسمان باوكی بكوژەكە، كەسێكی نزیكی وەڵامی پەیوەندییەكەی دایەوەو ڕاستیی ڕووداوەكەی پشتڕاست كردەوە.
ئەوكەسە نزیكەی وتی "بكوژەكە ڕایكردووەو خۆی شاردووەتەوەو لە هەوڵی ئەوەداین ڕادەستی یاسای بكەین".
ئەو كەسە نزیكەی ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم بازگەكانیان ئاگادار كردووەتەوەو بۆئەوەی ئەو كوڕەیان دەستگیر بكرێتو ڕادەستی یاسای بكەن.
محەمەد عوسمان ماڵیان لە پڕۆژەی دەروازە سیتی یە، بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف ئەو كوڕەیشی كە پاسەوانەكەی كوشتووەو خوێندكاری زانكۆیەو دوو ساڵی ماوە كولێژێكی پزیشكیی تەواو بكات.