چالاكێكی دیكەی بادینان زیاتر لە ساڵێكە بەبێ‌ دادگایی لە زیندانە و دۆخی تەندروستیی خراپە

16-10-2021 05:44

پەرەگراف

چالاكێكی دیكەی بادینان بە هەمان تۆمەتی چالاكانی پێشوو "ماوەی زیاتر لە ساڵێكە دەستگیر كراوە و چەندین جار مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتووە، لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستی زۆر خراپە". ئەو چالاكەی بادینان وتوویەتی "هەرچیم لێ‌ هات ئاسایشی گشتیی هەولێر لێی بەرپرسیارە".

بۆردی پارێزەرانی ستاندەر كە لە ژمارەیەك پارێزەر پێكهاتووە، كەمپینی (ئازادی بۆ بێریڤان ئەیوب، چالاكی مافەكانی مرۆڤ)ی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "چالاكوانی مافی مرۆڤ ڕاگیراو (بێریڤان ئەیوب) لە زیندانە و ئاسایشی گشتیی هەولێر (توقیف)ی كردووە، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكی ئەنجام دابێت".

بۆردەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بێریڤان ئەیوب "دایكی پێنج منداڵە و ماوەی ساڵێك زیاترە دەستگیر كراوە، تەنانەت ڕێگای پێ نادرێت منداڵەكانیشی ببینێت".

"چەندین جار مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتوەوە، هەر جارەو ۱٥ بۆ ۱٨ڕۆژ مانی گرتووە تا لەهۆش خۆی چووە و بە زۆر ئاو و نانی پێ دراوە"، بۆردەكە وا بۆردی پارێزەرانی ستاندەر.

ڕێباز وسوو، ئەندامی بۆردی پارێزەرانی ستاندەر، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو چالاكەیش بە هەمان تۆمەتی ڕاگیراوانی دیكەی بادینان كە تێكدانی ئارامی و ئاسایشی وڵاتە، دۆسیەی لە دژ كراوەتەوە و لە چاكسازیی ئافرەتانە لەژێر لێكۆڵینەوەی ئاسایشدا".

بۆردی پارێزەرانی ستاندەر دەڵێت "لە ئێستادا بێریڤان ئەیوب، بار و ڕەوشی تەندروستیی زۆر خراپ تێك چووە. ئاگاداری كردینەوە و وتی: هەرچیم لێ‌ هات، ئاسایشی گشتیی هەولێر لە ژیان و مەرگم بەرپرسیارە".

بۆردەكە دەڵێت "بێریڤان بە گریانەوە پێی ڕاگەیاندین و وتی: من تەنیا چالاكی مافەكانی مرڤم، تەنها تاوانم ئازادیی ڕادەربڕین بووە و دژی نادادی و گەندەڵیم، لەوە زیاتر تاوانم نییە، ئەگەر ئەوەش تاوانە، با بمرم لێرە".

وەكوو پارێزەرە ڕێباز وسوو باسی كرد، چەند ڕێكخراو و چالاكێك داوایان لێ‌ كردوون وەكالەتنامەی پارێزەری بۆ ئەو چالاكە بكەنەوە، هەر بۆیە بۆردەكەیان وەكالەتنامەی تایبەتی بۆ بەرگری لەو چالاكە كردووەتەوە و ماوەی دوو هەفتەیە لەلایەن دادوەرەوە واژوو كراوە.

"ئەو كەسانەی لەلایەن ئاسایشەوە ڕاگیراون، پێگەیشتن و قسە لەگەڵ كردنیان زۆر قورسە، وەكالەتی تایبەتمان بۆ حازر كردووە تاكو ببینە پارێزەری، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگری هەیە كە وەكالەتنامەكە واژوو بكات"، ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وای وت.

ڕێباز وسوو وتیشی "بێریڤان ئەیوب لە هەمان كاتی دەستگیركردنی چالاكانی دیكە و بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندان و چالاكیی مەدەنی، دەستگیر كراوە".

بۆردی پارێزەرانی ستاندەر داوای "دەستبەجێ ئازادكردنی" بێریڤان ئەیوب دەكات و داوایش لە "ئازادیخوازان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و خانمان" دەكات كە پاڵپشتیی بكەن.