چوار ساڵ دوای 16ی ئۆكتۆبەر؛ بارزانی‌و عەبادی چی دەڵێن؟

16-10-2021 06:44
هێزە عێراقییەكان لە بەردەم پەیكەری پێشمەرگە لە كەركوك/ 16-10-2017.

پەرەگراف

چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە پارتی‌و بەشێك لە یەكێتی بە "خیانەت"ی بەشێك لە یەكێتیی لە قەڵەم دەدەن، حەیدەر عەبادی كە ئەوكات سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو دەڵێت: چەسپاندنی یاسا‌و كۆنتڕۆڵی بیرە نەوتەكان بوو كە گەندەڵكاران بۆ ماوەی چەندین ساڵ مامەڵەیان پێوە دەكرد.

"خۆڕاگری گەلی كوردستان وەڵامی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری دایەوە"، ئەمە پەیامی بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییە بۆ چوارەمین ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەر.

ئەو ڕۆژەی ساڵی 2017، سوپاو هێزە چەكدارەكانی عێراق بە شەڕ گەڕانەوە بۆ كەركوك‌و ناوچە كوردستانییەكان كە شەهیدو برینداربوونی دەیان پێشمەرگەو هاوڵاتی لێكەوتەوە، چەندین ماڵ‌و دوكان‌و بازاڕی كوردان لە كەركوك‌و بەتایبەت لە دوزخورماتوو وێران كران، چەكدارانی حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان دەستیان كرد بە ئەنجامدانی تاوان‌و تاڵانیی.

پارتی‌و بەشێكی یەكێتی لە ناویاندا كۆسرەت ڕەسوڵ، گروپێكی ناو یەكێتییان تۆمەتباركرد بە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە "خیانەتكردن"‌و "لە پشتەوە خەنجەردان لە كورد" لە قەڵەمیان دا، كە زیاتر مەبەستیان ئاراس شێخ جەنگی‌و لاهور شێخ جەنگی بوو، بەڵام ئەوان تۆمەتەكان ڕەتدەكەنەوە.

دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ ئەمڕۆ وێنەیەكی باوكی لە فەیسبوك بڵاوكردووەتەوەو لەسەری نووسیوە "ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژ زیاتر سەرت بەرزە"، وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵوێستی باوكی لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017.

هەر ئەمڕۆ د.هێمن میرانی مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، لە فەیسبووك وێنەیەكی خۆی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ‌و كەسێكی دیكەی بەناوی د.ماریانا خاروداكی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی: لە ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی نیسانی ٢٠١٨، كۆسرەت ڕەسوڵ لە دیدارێكی تایبەتیاندا گوتوویەتی "ئەگەر خیانەتكاران لە ١٦ی ئۆكتۆبەر بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی كەركوكیان تەسلیم نەكردبوایە، هەرگیز هێزی عێراقی و حەشد بە شەڕ نەیاندەتوانی بێنە ناو كەركوك. هێزی پێشمەرگە بڕیاری بەرگریكردنی دابوو و لەو پەڕی ئامادەیی بوو".

هێمن میرانی وردەكاریی زیاتری باس نەكردووەو دەڵێت "وردەكاری ئەو دیدارە با بۆ مێژوو بێ كە بەڕێز شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵیش ئامادەی بوو".

كۆسرەت ڕەسوڵ لە 16ی ئۆكتۆبەردا خۆیشی بە هێزێكەوە لە كەركوك بوو، كەسی یەكەمی سیاسی‌و سەربازیی بوو لە شارەكە، بەڵام خۆیشی بە زەحمەت ڕزگاریی بوو.

حەیدەر عەبادی لەو كاتەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو، بە تووندی دژی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان وەستایەوە كە لە 25ی ئەیلولی هەمان ساڵ لەسەدا 93ی خەڵكی كوردستان بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی كرد.

عەبادی ئەمڕۆ لە فەیسبوك نووسینێكی لەبارەی 16ی ئۆكتۆبەر بڵاوكردەوەو تێیدا باسلەوە دەكات، چوونی هێزە عێراقییەكان بۆ ناو كەركوك بۆ "چەسپاندنی یاسا بووە"، دەشڵێت: كۆنتڕۆڵی بیرە نەوتەكان كرا لە پارێزگاكەدا، كە گەندەڵكاران بۆ ماوەی چەندین ساڵ مامەڵەیان پێوە دەكرد.

سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق ئاماژە بەوەش دەكات، بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا بۆ لەسەدا 12، قەدەغەی گەشتی بەسەر فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانیدا سەپاند‌و پاشان لیژنەی چاودێری دارایی فیدراڵی‌و دەستەی نەزاهەی ڕەوانە كرد بۆ وردبینیكردن لە فەرمانبەرانی هەرێم‌و ڕادەستكردنی موچەكانیان، "دەركەوت هەزاران فەرمانبەری بندیوار هەیە".

16ی ئۆكتۆبەر چی ڕوویدا؟

16ی ئۆكتۆبەر چووەتە پاڵ چەندین ڕێكەوتی دیكەی مێژوویی كە لە یادەوەریی تاكی كورددا دەمێنێتەوە، ئەو ڕۆژە گەلی كورد لە ناوچەكانی جێناكۆك ئاوارەو دەربەدەر بوو، كەركوك كەوتەوە دەست عێراق‌و بووە سەرەتای لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان، گروپێكی ناو یەكێتی تۆمەتباركران بە ئەنجامدانی "خیانەت"‌و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ نەیارانی كورد.

بەرەبەیانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، حەشدی شەعبی‌و هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك جوڵەیان پێكرا، هەرچەندە سەرەتا چەند ڕوبەڕوبوونەوەیەك ڕوویداو پێشمەرگە بەرگریی كرد، بەڵام لەپڕ هێزەكانی پێشمەرگە كشانەوەو ناوچە ستراتیژییەكانیان بۆ هێزە عێراقییەكان چۆڵكردو دەستگیرا بەسەر تەواوی شاری كەركوكدا. 

دوای پێشڕەوییەكانی حەشد‌و سوپا بۆناو شاری كەركوك، كوردانی ئەوشارە دەستیان بە چۆڵكردنی شارەكە كردو بە نیگەرانییەكی زۆرەوە باسیان لە "خیانەت"ی دەسەڵاتداران كرد، دەیانوت: كەركوكیان فرۆشت.

ژمارەیەكی زۆر لە گەنجانی كەركوك خۆبەخشانە چەكیان هەڵگرت بۆ بەرگریی لەشارەكە، هاوكات لەچەند شوێنێك خەڵكی شارەكە هەوڵیاندا ڕێگریی بكەن لە هەڵهاتنی بەرپرسان‌و پێشمەرگە، بەڵام ئەوانە هیچیان نەبوونە بەربەست لەبەردەم پێشڕەوییەكانی حەشدو سوپا كە تاوەكو دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە تەواوی شارەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.

بەرپرسانی یەكێتی سەربە ماڵی تاڵەبانی شەوی بەرلە 16ی ئۆكتۆبەر داوایان لە خەڵكی كەركوك كرد چەك هەڵنەگرن‌و لەماڵەكانیان بمێننەوە، لەوانە ئاسۆ مامەند بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، ئەوەش پێچەوانەی لێدوانی نەجمەدین كەریم پارێزگاری شارەكەبوو كە بەهەمانشێوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، بەڵام لەم پرسەدا هاوڕای ئەوان نەبوو.

ئەو ڕۆژەی كە هەموو لایەك بە ڕەش‌و ناخۆش یادی دەكەنەوە، چوار ساڵی تێپەڕاند، هێشتا هیچ لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەوە نەكراوەو وەك زۆر پرسی دیكە تەنها لە شەڕی ڕاگەیاندنی حیزبەكاندا بەكاردێت بەتایبەت لە نێوان پارتی‌و بەشێك لە یەكێتی، هەرلایەك ئەوی تر تۆمەتباردەكات.

ڕاگەیاندنەكانی یەكێتی كە باسلە 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن دەیبەستنەوە بە پرسی ڕیفراندۆمەوەو هێرشەكەی عێراق وەك لێكەوتەی ڕیفراندۆم لە قەڵەم دەدەن، یەكێتی كە ئێستا دژایەتیی ڕیفراندۆم دەكات لە سەروەختی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەدا پاڵپشتیی دەكرد‌و بەشێكی سەرەكی بوو لەو ئەنجومەنەی سەرپەرشتی پڕۆسەكەی دەكرد.

16ی ئۆكتۆبەر 3 هەفتە دوای ڕیفراندۆم ڕوویدا كە تێیدا كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەشداربوون‌و زۆرینەی زۆری بەشداربوان دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پارتی ئەوە بەدەستكەوت‌و بەشێك لە یەكێتی بە شكستی گەورە لەقەڵەمی دەدەن بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژانی دواترەوە.

كاردانەوەی لایەنە كوردستانییەكان

كۆنتڕۆڵكردنی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكان دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، كاردانەوەی فراوانی خەڵك‌و حیزبەكانی لێكەوتەوەو ڕەخنەی تووند ئاڕاستەی حیزبە دەسەڵاتدارەكان كرا.

لایەنە كوردستانییەكانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی خۆیان پاراست لەوەی ئەوەی ڕوویدا بە خیانەت لە قەڵەمی بدەن یان نا.

بزوتنەوەی گۆڕان داوایكرد هەموو دامودەزگاكانی دەسەڵات‌و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنەوەو حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی كاتیی دابمەزرێ تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەردی گشتی، هەروەها داوای لە حكومەتی عێراق كرد دەسبەجێ پەلامارەكانیان بۆ سەر خاك‌و هاوڵاتیانی كوردستان ڕابگرن‌و لەو شوێنانە بكشێنەوە كە كۆنتڕۆڵیان كردوەو گفتوگۆ بكەنە بەدیلی شەڕو خوێنڕشتن.

یەكگرتوی ئیسلامیش كۆبوونەوەی بەپەلەی هێز و لایەنە سیاسییەكانی بە پێویست زانی، ڕایگەیاند، ئەوەی لە كەركوك ڕوویدا بۆ لەباربردنی دەستەكەوتەكانەو پێشهاتێكی مەترسیدارە و جێگای داخ‌و حەسرەتە.

كۆمەڵیش ڕووداوەكەی بە كارەساتێكی‌ گەورەو هەنگاوێكی‌ مەترسیدار و پاشەكشە لە ناوچە كوردستانییەكان ناوبرد.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە ئەوكات بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكرد-پاشان بە گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناوی یەكێتی ئەم حزبە هەڵوەشایەوە-، داوای كرد دەستبەجێ جوڵەی عەسكەری ڕابگیرێت‌و هێزەكان بكشێنەوە، وەك ڕێگەچارەی خێرا داوای دروستكردنی حكومەتێكی ئینتقالی كرد لە هەرێم كە ئەركی دایەلۆگی بنیاتنەرانەبێت لەگەڵ بەغدا تاوەكو هەڵبژاردنی بیگەرد ئەنجام دەدرێت.

هەڵوێستی توركیاو ئێران

كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كاردانەوەی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتەوەو یەك ڕۆژ دواتر توركیا پشتیوانیی بۆ پێشڕەوییەكانی بەغداد ڕاگەیاند، ئێرانیش وتی، زۆربەی كورد دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین‌و بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی بەغداد كردووە.

لە 17ی ئۆكتۆبەر حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام بوون‌و بەبێ بەرگریی پێشمەرگەو هێزەكانی هەرێم، چوونەناو قەزاكانی شەنگال و خانەقین و چەند ناوچەیەكی دیكەو كۆنتڕۆڵیانكردن.

لەكاردانەوەی ئەو ڕووداوانەدا، بینالی یڵدرم سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی توركیا، ڕایگەیاند "زانیاریی ئەوە هاتووە كە كەركوك بە تەواوی لە پەكەكە و هێزەكانی پێشمەرگە پاككراوەتەوە" وتیشی"كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركوك لە لایەن حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، پێشهاتێكی ئەرێنییە".

یڵدرم باسی لەوەشكرد سەرەڕای دژبوونی هەموو جیهان، بەڵام بەهۆی پێداگری مەسعود بارزانی‌و تیمەكەی "ڕێگەی هەڵە گیرایەبەر"و ڕیفراندۆم كرا.

ئێران‌و توركیا لەگەڵ دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان دژی پڕۆسەكە وەستانەوەو فشارەكانیان تووند كردەوە بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لە بڕیارەكەی، بەڵام كورد بە پێداگریی بارزانی نەچووە ژێر باری فشارەكان، دوای ڕیفراندۆمیش ئەو دوو وڵاتە بەردەوامبوون لە دژایەتییەكانیان‌و پاڵپشتی‌و هاوكاریی بەغدایانكرد بۆ سزادانی هەرێم.

هەرلە كاردانەوەی كۆنتڕۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن عێراقەوە، عەلی ئەكبەر ولایەتی ڕاوێژكاری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ ئەوەی ڕەتیكردەوە سوپای پاسدارانی وڵاتەكەی هیچ دەستێوەردانێكی لە ئۆپەراسیۆنی كەركوك هەبووبێت، هاوكات وتی"زۆربەی خەڵكی كوردی عێراق خۆیان دژی تاكڕەوییەكانی بارزانین و دیمان كە خۆیان بێ شەڕ ناوچەكانیان ڕادەستی دەوڵەتی بەغدا كردەوە، بارزانی دەبێت قبوڵی بكات كە هەڵەی كردووەو دان بنێت بەم هەڵەی خۆیداو خەسارەكان پڕ بكاتەوە".

ئێران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی-فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران- ڕۆڵی سەرەكیی هەبوو لە ڕووداوی 16ی ئۆكتۆبەر، قاسم سلێمانی پێشتر چەندین هەڕەشەی تووندی ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێم كرد بوو، هێرشی سەر كەركوك جێبەجێ كردنی كۆتا هەڕەشەكان بوون. 

هاوكات لە یەكەم بەیاننامەی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بارەی هێرشی حەشد‌و سوپا بۆسەر شاری كەركوك، باسلەوە كرا، ئەو پەلامارە لەلایەن حكومەتی عێراقی و حەشد و هێزەكانی سەر بە قەرارگای قودسی سوپای پاسداران ئەنجام دراوە.

فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگە وتی "بە داخەوە هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوویییان لە كوردستان و ئەو شەهیدانە كردووە كە لەژێر ئاڵای یەكێتی گیانی خۆیان فیدای كوردستان كردووە. ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بە بێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بە تەنیا جێ هێشتووە".