وەزارەتی دارایی: كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری پێویستی بۆ كرا

17-10-2021 11:35

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری پێویستی بۆ كرا"، بەبێ‌ ئەوەی شێوازی چارەسەرەكە ئاشكرا بكات.

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧-١٠-٢٠٢١ لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، وەزیری دارایی بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ هەریەك لە وەزیری پەروەردە و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەیەكدا "هەر سێ لا لەسەر ئەوە ڕێككەوتن، كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری كۆتایی بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە میكانیزمێكی نوێ چارەسەر بكرێت".

"لە كۆتایی كۆبوونەوەكە، بڕیار درا چارەسەری كۆتایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی بدرێت، كێشەكانیان لە ماوەكی نزیكدا چارەسەر بكرێت"، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.