
پەرەگراف
لە یەكەم سەردانی دوای هەڵبژاردن شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە سلێمانیو گفتوگۆیان لەبارەی یەكڕیزیی كوردو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كرد، پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار دەڵێت: پشكی كوردە نەك لایەنێكی دیاریكراو.
یەكێتی پێشوازیی لە سەردانو دەستپێشخەرییەكەی پارتی كردو دەڵێت، لەگەڵ یەكڕیزیی كوردن، بۆ ئەم مەبەستە ئەو دوو حزبە كە زۆرترین كورسیی پەرلەمانییان بەدەستهێناوە لەناو لایەنە كوردییەكاندا، سەردانی حزبەكانی دیكەش دەكەن.
پارتیو یەكێتی سێ ساڵ لەمەوبەر لە پێكهێنانی حكومەتو دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد گرژیی تووند لە نێوانیان دروست بوو بەتایبەت لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار كە لەبەرژەوەندیی پارتی یەكلایی بووەوە.
ئەمڕۆ مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی لەبارەی ئەو پۆستەوە وتی "ڕاستە سەرۆككۆماری پشكی كوردە، بەڵام لەوانەیە نەتوانین بڵێین پشكی فڵان لایەنەو شەرت نییە بۆ لایەنێكی دیاریكراو بڕیاری پێشوەختەی لێ درابێت".
پارتیو یەكێتی نیەتیان لێ هێناوە بەشداریی بكەن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كە لە نێوان سەدرییەكانو دەوڵەتی یاساو هاوپەیمانەكانی ململانێی لەسەرە، بۆئەو مەبەستە پارتیو یەكێتی لیژنە پێكدەهێنن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان لە بەغداد لە داهاتوودا.
ئەمین بابەشێخ وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەوەی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان باسی پۆستەكان نەكراوەو تەئكید لە شەراكەتو بەرژەوەندییەكانی كوردستان كراوە.
وتەبێژەكەی یەكێتی وتیشی "لەڕێی پۆستەكانەوە دەتوانین نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانمان بكەین. لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار هیچ خیلافێكمان نییە كە بۆ كورد بێت یەكەمجار، نەریتێكیش هەیە كە بۆ یەكێتی بێتو پێموانییە ئەمە كێشەیەك بێت ببێتە بەربەست لەبەردەم بابەتە سەرەكییەكان كە شێوازی نوێنەرایەتیو بەرژەوەندییەكانی میللەتی كوردە".
پارتی پێیوایە، لە سێ ساڵی ڕابردوودا، حكومەتی عێراق سوودی لەو پەرتەوازەییە وەرگرتووە كە لە كوردستانو ناو لایەنە كوردییەكان هەبووە، ئێستا نایەوێت ئەو كەلێنە دروست ببێتەوە، وتەبێژەكەی پارتی وتی "بەغداد لە ئەنجامی ئەو پەرتەوازەییەی لە كوردستان هەبوو، سەركەوت، كێشەكانی هەمووی چڕكردەوە لەسەر 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم، ناهێڵین لەمەودا حكومەتی عێراق، كوردستان بەوەوە مەشغوڵ بكاتو ئەوە شایستەی هەرێمی كوردسانەو دەبێت پشكی خۆمان هەبێت نەك هەموو مانگێك پێویست بە ڕێككەوتن بكات".
لەبارەی نزیكایەتیی پارتیو سەدرییەكان، مەحمود محەمەد وتی "لەگەڵ هەموو كوتلەكان بە شیعەو سوننەوە كۆبووینەتەوە، كێ لە كارنامەی ئێمەی پارتی نزیك بێت كە دواتر دەخرێتە بەردەم لایەنەكان ئێمە هاودەنگیو هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنە دەكەین. لەگەڵ سەدرییەكان نزیكترین لە هەموو لایەنەكان دیكە، بەڵام هیچ وەرەقەیەكی واژۆكراومان نییەو تەنها لێكتێگەیشتنەو لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش لێكتێگەیشتن هەیە".