تشرینیی‌و سەربەخۆكان دەتوانن ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لە پەرلەمانی عێراق؟

18-10-2021 03:00

پەرەگراف

گۆڕەپانی سیاسی و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە عێراق و دەرەوە سەرقاڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان‌و لێكەوتەی سیاسی و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت و دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانن، بەڵام كاندیدە دەرچووە سەربەخۆكان بەتایبەت ئەوانەی كە دوای خپیشاندانەكان دروستبوون‌و بە "جوڵانەوەی تشرینیی میللی" ناسراون و بۆ یەكەمجارە دەچنە پەرلەمان، دەیانەوێ كوتلەیەكی بەهێز دروست بكەن و ببنە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی ئەو كاندیدانەی دیكەش كە بە سەربەخۆ دەرچوون.

بەشێك لە تشرینییەكان لە چوارچێوەی لیستی ئیمتیدادی تشرین بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق كە 9 كورسیی بەدەستهێناوە، ئێستا ئەوان دەستپێشخەریی بۆ كاندیدە دەرچووەكانی دیكە دەكەن‌و دەیانەوێت سووكانی لێخوڕینی ئەو قافڵەیە بگرنە دەست.

مەنار عوبەیدی وتەبێژی لیستەكە، دەڵێت "دوای ئەوەی توانیمان نۆ كورسی لە چەند پارێزگایەكی عێراق ببەینەوە، لەنێوانیاندا زیقاڕ، نەجەف، موسەنا، بابل، زۆرینەی كورسییەكانیش لە ناوەندی پارێزگاكان بوون لە ناسریە و حللە و سەماوە، دوای تەواوبونی هەڵبژاردنەكان دەستمانكرد بە پەیوەندیكردن و گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە و حزب و كەسایەتییە سەربەخۆ جیاوازەكان، ئەوانەی هەست دەكەین نزیكن لێمانەوە، بە نمونە كوتلەی هەڵهاتنی كانون و چەند كوتلەیەكی دیكە".

"گفتوگۆكان بۆ ئەوەیە بگەینە دروستكردنی كوتلەیەكی یەكگرتوو، ئەوەش پێویستی بە كاتە چونكە پەیوەندی بە هەیكەلیەت و شێوازی ڕێكخستنەوە هەیە، بەڵام ئێمە هەنگاوی زۆرمان بڕیوە بۆ ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتن، تەنانەت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش، لەسەر كۆمەڵێك دۆسیە ڕێكەوتنمان هەبوو، ئێمە دەمانەوێت ئەو كوتلە پەرلەمانییە سەربەخۆیە دروست بكەین كە جیاوازبێت لە كوتلە تەقلیدییەكانی دەسەڵات، دەمانەوێت بەشێكی كاندیدە سەربەخۆ دەرچووەكانیش ڕابكێشین، تائێستا 10 كاندیدی سەربەخۆمان هێناوەتە ناو كوتلەكە، بەڵام جارێ ناوەكانیان ئاشكرا ناكەین" عوبەیدی وادەڵێت.

وتەبێژەكەی لیستی ئیمتیدادی تشرین ئاشكرای كردووە، دەیانەوێت ژمارەی ئەندامانی كوتلە سەربەخۆكە لەنێوان 25 بۆ 40 پەرلەمانتاردا بێت بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و چاودێرێكی بەهێزبن، ئەمە جگە لەوەی بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران دروستكردنی كوتلە نابێت لە 25 ئەندام كەمتربێت، جەختی لەوەشكردووەتەوە بەشداریی حكومەتی داهاتووی عێراق ناكەن ئەو بڕیارەشیان پاشگەزبونەوەی تێدا نییە.
چاودێران پێیانوایە كوتلە و كەسایەتییە سەربەخۆ سەركەوتووەكان كە ژمارەیان نزیكەی 40 ئەندامە، دەتوانن ڕۆڵێكی كاریگەریان هەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەجۆرێك ڕوویەكی نوێ بە دیمەنی سیاسی و پەرلەمانی عێراق ببەخشن.

هادی سەلامی كە یەكێكە لە كاندیدە سەربەخۆ براوەكان لە پارێزگای نەجەف، دەڵێت "پرۆگرام و بەرنامەی تەواومان هەیە، بڕیارمانداوە لەگەڵ هیچ حزبێكی دەسەڵات هاوپەیمانی نەكەین‌و هەوڵەكانمان تەنیا لەگەڵ كاندیدە سەربەخۆكان دەبێت بۆ دروستكردنی كوتلەیەكی بەهێزی پەرلەمان".

"ڕوبەڕوی گەندەڵی دەبینەوە و لە پەرلەمان دەبینە چاودێر، هەوڵی ئەوە دەدەین سەرۆكوەزیران و حكومەت سەربەخۆ بن، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نایەت بەشداریی پێكهێنانی حكومەت بكەین" كاندیدە سەربەخۆكەی پارێزگای نەجەف وادەڵێت.

باسم خەشان كە یەكێكی دیكەیە لە كاندیدە سەربەخۆ براوەكانی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەكردووە، كوتلەی سەربەخۆكان تائێستا نزیكەی 30 ئەندام دەبن، ئەوان یەكگرتوون و ئامانجەكەشیان ڕوون و ئاشكرایە.

"ئێمە لەئێستادا دوو بژاردەمان لەبەردەستە، یان سەرۆكوەزیران سەربەخۆ دەبێت، یاخود دەبینە ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە كە نوێنەرایەتی گەل دەكەین" خەشان وادەڵێت.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان كە بە سیستمی دەنگی نەگوازراوەو دابەشكردنی عێراق بوو بۆ 83 بازنە، چەندین كەس لەدەرەوەی حزبەكان و بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندیدكرد، سەربەخۆكان لە كوردستان سەركەوتوونەبوون‌و كەسیان دەرنەچوون جگە لە چوار كاندید كە بە سەربەخۆ خۆیان كاندید كردبوو، بەڵام یەكگرتوو بوون‌و ئەو حزبە بە فەرمیی هەڵمەتی بانگەشەی بۆ دەكردن.

جیاواز لە كوردستان، لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق 35 كەس لە سەربەخۆكان براوەبوون‌و توانییان بگەنە پەرلەمانی عێراق.

ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كاندید لە دەرەوەی حزب دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو 35 كەسە سەربەخۆیە كاندیدی تاك‌و سەربەخۆ بوون، ئەمە جگە لەو 9 ئەندامەی لیستی ئیمتیدادی تشرین كە ئەوانیش دوای خۆپیشاندانەكانی 2019ی عێراق دورست بوون‌و سەر بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نین.