پارەی مووچەی ھەرێم لە بەغداوە گەیشت

02-03-2020 12:12

پەرەگراف

عەلی حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: پارەی موچەی ھەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەیشت، پاش دابەشکردنی ئەم موچەیە وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەیەکی دیکە دەکات.

"ئەو وەزارەتانەی ماون لە زوترین کاتدا موچە وەردەگرن، پاش کۆبونەوەشمان لەگەڵ وەزیری دارایی داوامانکرد: ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی موچەی مانگێکی تر بکرێت و ڕایانگەیاند: ئامادەکاریان دەستپێکردوە بۆ پاش دابەشکردنی ئەم موچەیە" عەلی حەمەساڵح وا دەڵێت.

بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، پارەکەی بەغدا بەشی موچەی ٥٠٪‏ موچەخۆرانی ھەرێم دەکات و ئەو داھاتانەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی داراییدایە بریتییە لە؛ داھاتی ناوخۆ ٢٤٠ ملیار دینار. داھاتی نەوت کە دەدرێتە دارایی ٣٦٠ ملیار دینار. ھاوکاریی ھاوپەیمانان ئێستا کەمیکردوە بۆ ٨ ملیار دینار. پارەی بەغدا ٤٥٢ ملیار دینار.

خەرجییەکانی حکومەتی ھەرێمیش بەمجۆرەن؛ مووچە ٨٨٠ ملیار دینار. پڕۆژەکان ٤٠ ملیار دینار. خەرجیی بەکاربردن نزیکەی ١٥٠ ملیار.

عەلی حەمەساڵح دەشڵێت "پێویستە لەزوترین کاتدا چاکسازی لە خاڵە سنوریەکان و دۆسیەی نەوت دەستپێبکات، وەزیری دارایی رایگەیاند: بڕیاری چاکسازی لە خاڵە سنوریەکان دراوە. بۆ چاکسازی لە خاڵە سنورییەکان و دۆسیەی نەوت و دابەشکردنی موچە فراکسیۆنی گۆڕان ھەموو ھەوڵێک دەدات".