دادگای ھەولێر لە دۆسیەی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بڕیاریدا

19-10-2021 11:43
ئومێد بەرۆشکی - بەدەل بەرواری

پەرەگراف

دادگای ھەولێر بڕیاری ساڵێک زیندانیکردنی بۆ ھەریەکە لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی دەرکرد، ئەوان ساڵەکەیان لە زیندان بەسەربردووەو لەو دۆسیەیەدا ئازاد دەکرێن، بەڵام ئومێد بەرۆشکی لە دۆسیەی دیکەدا حوکمی زیندانیی لەسەرە.

پارێزەر ھەرێم ڕەفعەت لە تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان، دوای دادگاییەکەی ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای ھەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم خراوەتەپاڵ دەستگیرکراوان بێ بەڵگەو بێ بنەمابوون.

ئەو پارێزەرە وتیشی: توانیمان ماددەی یاسایی دۆسیەکە بگۆڕین لە ماددەی ١ی یاسای ٢١ ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ھەرێم بۆ ماددەیەکی دیکە کە دادگا بە شیاوی زانی.

ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی" خستووەتە پاڵ ئەو دەستگیرکراوانە کە گوایە خۆپیشاندانی بێمۆڵەتان کردووەو ھاوکاریی پەکەکەیان کردووە.

"تەنانەت شاھیدانی سەلماندنی پەڕاوەکە ھاتنە بەردەم دادگاو ئینکاری ئەوەیان کرد ئەو کەسانە ھیچ تاوانێکیان ئەنجام دابێت" پارێزەر ھەرێم ڕەفعەت وای وت.

ھاوکات پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح کە لە دادگایی دۆسیەکانی چالاک و ڕۆژنامەنووسانی بادینان ئامادەیی ھەیە، ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای ھەولێر، وتی، سەرباری ھەندێک سەرنج دەستخۆشی لە بڕیارەکەی دادگا دەکەین و داوادەکەین دۆسیەی دەستگیرکراوانی دیکەش یەکلایی بکرێنەوەو ئازاد بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، بەدەل بەرواری ڕاستەوخۆ ئازاد دەکرێت، بەڵام ئومێد بەرۆشکی دۆسیەی دیکەی لەسەرە.

ئومێد بەرۆشكی مانگی ڕابردوو لە دوو دۆسیەدا لە دادگای دهۆك سزای ساڵێك زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، مانگی شەشی ئەمساڵیش بە هەمانشێوە لە دوو دۆسیەی دیكەدا هەریەكەیان سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەدەل بەرواری ڕۆژی ١٩-٨-٢٠٢٠ بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەستگیر كرا، دوای ٥٦ ڕۆژ، دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەركرد و دەبوو لە ١٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ ئازاد بكرێت، بەڵام ئاسایش كەیسێکی دیكەی لە دژی كردەوە و لە كاتی ئازادكردنیدا ڕاستەوخۆ دەستگیری كرد.

هەروەها ئومێد بەرۆشكی لە هەمان ڕۆژ دەستگیر كراوە و پاش ماوەیەك مانەوە لە زیندان و ئازادكردنی، هاوشێوەی بەدەل بەرواری دەستگیر كرایەوە.

هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، بڕیار بوو ڕۆژی 15-2-2021 لەگەڵ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی دیکەی بادینان دادگایی بكرێن، بەڵام دادوەر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتباركردنیان و ناتەواویی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان، كەیسەكەیانی گەڕاندەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، پاشان چەند جارێک دادگایی کردنیان دواخرا تا زیاتر لە ساڵێکیان لە زیندان بەسەر برد.