داهاتی ئێستای هەرێمی کوردستان چەندە؟ بۆچی پرۆژەیاسای بوودجە ئامادە نەكرا؟

20-10-2021 11:43

پەرەگراف

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "هۆكار و پاساوەكانی‌ حكومەت بۆ ئامادەنەكردنی پرۆژەیاسای بوودجە ڕاستەقینە نین". دەشڵێت "لە ئێستادا داهاتی هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێك و 200 ملیار دینارە و ٢٩٠ ملیار دیناری‌ زیاترە لە خەرجییەكانی‌ مانگانە بۆ هەموو بوارەكان".

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەنجامی بەداواداچوونێكی خۆی بۆ پرۆژەیاسای بوودجە، داهات‌ و خەرجی‌ لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە. تێیدا وەڵامی وەزیری دارایی بۆ هۆكاری نەبوونی پرۆژەیاسای بوودجە خستووەتە ڕوو.

عومەر گوڵپی ئاماژە بەوە دەكات كە وەزیری دارایی هۆكاری نەبوونی پرۆژەیاسای بوودجە لەلایەك دەخاتە ئەستۆی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و دەڵێت "ئێمە لە (٢٠١٧)ـەوە بەردەوام ڕەشنووسی‌ یاسای‌ بوودجەمان ئامادە كردووە و ناردوومانە بۆ سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، بەڵام هیچ ئەنجامێكی‌ نەبوووە".

هەروەها لە لایەكی‌ ترەوە وەزیری دارایی هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "بوودجەی‌ هەرێم پشت بە داهاتی‌ پشكی‌ هەرێم لە بوودجەی‌ عێراق دەبەستێت، ئەوەش چەند جارێكە گۆڕانكاریی‌ تێدا دەكرێت، بۆیە نەتوانراوە یاسای‌ بوودجە ئامادە بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەخت دەكاتەوە كە ئەوانە "هیچیان هۆكار و پاساوی‌ ڕاستەقینە نین" و دەڵێت "چاوەڕوانیی‌ بەشەبوودجەی‌ بەغدا ڕاست نییە، چونكە ئەنجومەنی‌ وەزیران دەتوانێت بە داهاتی‌ خۆی‌ (كە ئێستە داهاتێكی‌ گەورەیە)، پرۆژەیاسای‌ بوودجە دابڕێژێت ‌و لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت، پاشان هەر بڕە پارەیەكیش لە بەغداوە گەیشتە هەرێم بە پاشكۆیەك بۆ بوودجەی‌ هەر ساڵێك لە پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت یان هەموار بكرێت، یان وەك وەفر مامەڵەی‌ لەگەڵ بكرێت".

سەبارەت بە داهاتی ئێستای هەرێمیش، عومەر گوڵپی لە بەدواداچوونەكەیدا دەڵێت "نرخی‌ جیهانیی‌ نەوت نزیكەی‌ (٨٥) دۆلارە و نەوتی‌ هەرێم بە نزیكەی‌ (٧٠ دۆلار) دەفرۆشرێت، بەمجۆرە داهاتی‌ نەوت نزیكەی‌ (٧٠٠ ملیار دینار)ی‌ مانگانەیە پاش لێدەركردنی‌ خەرجییەكان، داهاتی‌ گومرگ زیاترە لە (١٥٠ ملیار دینار)، داهاتی‌ باج زیاترە لە (٩٠ ملیار دینار)، داهاتی‌ ڕسومات ‌و كرێی‌ خزمەتگوزاری‌ زیاترە لە (١٠٠ ملیار دینار)ی‌ مانگانە، لە بەغداشەوە مانگانە (٢٠٠ ملیار دینار) دەگاتە هەرێم".

بەپێی حیسابانی ئەو پەرلەمانتارە "هەرێمی‌ كوردستان مانگانە داهاتی‌ زیاترە لە (یەك ترلیۆن‌ و دووسەد و چل ملیار دینار)ی‌ مانگانە، كە (٢٩٠ ملیار دینار)ی‌ زیاترە لە خەرجییەكانی‌ مانگانە بۆ هەموو بوارەكان كە (٩٥٠ ملیار دینار)ن بە مووچەی‌ تەواویشەوە". دەشپرسێت "ئیتر بۆ ناكرێت ئەم داهات ‌و خەرجییانە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ بوودجەدا ڕێك بخرێن؟ چی‌ و كێ ڕێگرە؟".

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باس باس لەوە دەكات كە "نەبوونی‌ یاسای‌ بوودجە شتێكی‌ سادە نییە" و دەڵێت "نەبوونی‌ یاسای‌ بوودجە واتە حكومەت لە دەرەوەی‌ یاسا هەڵسوكەوت لەگەڵ داهات ‌و خەرجییەكان دەكات، هیچ پلان ‌و بەرنامەیەكی‌ دارایی‌ نییە و دیار نییە داهات چی‌ لێ دەكات".

كۆتا یاسای‌ بوودجەی لە پەرلەمانی كوردستان ساڵی ٢٠١٣ دەركراوە. ماوەی هەشت ساڵی هەرێمی كوردستان یاسای بوودجەی نییە و حكومەتی هەرێم بە پاساوی جیاواز پرۆژەیاساكە نانێرێتە پەرلەمان.