دۆسیەی چالاكانی بادینان؛ داوا دەكرێت سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق بهێنرێنە بەردەم دادگا

20-10-2021 05:00

پەرەگراف

بۆ جاری پێنجەم، دادگاییكردنی چوار چالاكی بادینان لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە دواخرا. پەرلەمانتارێك دەڵێت "داواكاری گشتی ڕۆڵی خراپی بینیوە و لایەنگریی ئەنجوومەنی ئاسایشی كردووە". پارێزەرێكیش داوا دەكات سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لە دۆسیەكەدا ناویان هێنراوە، وەكوو تۆمەتبار بانگهێشتی بەردەم دادگا بكرێن.

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، وتی "دوای ئەوەی كە دادگا پەڕاوی لە داواكاری گشتی و تیمی پارێزەران و لایەنی سكاڵاكار وەرگرت، دادگاییكردنەكەی دواخست كە دەبوو بڕیاری ئازادكردنی تۆمەتخراوەپاڵەكان بدات".

سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی دادگاییكردنەكە، بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، وتی "یەكێك لە دادوەرەكان وتی من بەشداریی بڕیاردان لەم دادگاییەدا نابم. نامەیەكی دەستنووسی یەكێك لە ڕاگیراوەكانیش كە بۆ سەفیر (باڵیۆز)ی ئەمریكای ناردووە و شتێكی تێدا نییە كە تاوان بێت" لێكۆڵینەوەی لێ‌ دەكرێت.

سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییەش كە وەكو بەڵگەی دەنگیی "شێروان تەها" خراوەتە ڕوو، بەشدار حەسە وتی "شێروان وتی ئەو دەنگە هی من نییە. دەنگەكەیش شتێكی وای تێدا نییە و تەنیا دەڵێن لە ناوچەی چڕە، یان زاخۆ، یان شیلادزێ‌ شتێك بكەین. شتێك بكەین بە تەفسیری ئاسایش كاری تێكدەرانەیە، بەڵام پێمان وتن بە تەفسیری ئێمە هیچی تێدا نییە".

وەكوو ئەو پارێزەرە باسی كرد، پێچەوانەی دادگاییكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی كە ئەو ماددە یاساییەی پێی دادگایی كران، گۆڕدرا، تا ئێستا بڕیارە ئەم چوار چالاكە بە "ماددەی یەك لە یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان دادگاییی بكرێن، ئەگەر بەم ماددەیە سزا بدرێن لە پێنج ساڵ بەرەوسەرە".

پارێزەر هەرێم ڕەفعەت ئاماژەی بەوە كرد لە هۆڵی دادگا داوای كردووە هەریەك لە سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لە دۆسیەی ئەو چالاكانەدا تۆمەتی "ڕووخاندنی حكومەتی هەرێم"یان لە ڕێگەی هاوكاریكردنی ئەم كەسانەوە دراوەتە پاڵ، وەكوو تۆمەتبار لەبەردەم دادگا ئامادە بن، یان ئەو تۆمەتە هەڵبوەشێندرێتەوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ هەریەك لە دەستگیركراوانی بادینان (شێروان تەها، مەسعود عەلی، كارگەر عەباس و بەندەوان ئەیوب) دادگایی بكرێن. ئەو چوار كەسە و هاوڕێكانیان لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە.

ڕووپاك ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە لە دادگا ئامادە بوو، وتی "داواكاری گشتی كە داوای مافی گشتی دەكات، ڕۆڵێكی زۆر خراپی بینی و لایەنگریی ئەنجوومەنی ئاسایشی كرد و ئەوان چۆنیان ویستبایە، وا قسەی دەكرد".

لای خۆیشیەوە كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی سی پی تی، وتی "تۆمەتی ئێجگار گەورە ئاراستەی ئەو زیندانییانە كراوە، بەڵام بەڵگەكان لاوازن. گوایە ویستوویانە تی ئێن تی بۆ كوڕی بەرپرسێكی باڵا دابنێن، یان خواستیان هەبووە هەڵبكوتنە سەر بارەگای حیزبی حوكمی، بەڵام چەقۆیەك بە دەستی ئەو تۆمەتبارانەوە نەگیراوە".

"هەر وەكوو چۆن شێروان شێروانی و هاوڕێكانی بێتاوان بوون، ئەمانیش خەڵكی بێتاوانن"، كامەران عوسمان وای وت.

* بەدەل بەرواری؛ مامۆستا بەهەڵوێستەكە شیشەكانی زیندان بەجێدەهێڵێت