عوسمانی حاجی مەحمودو چیا نەوشیروان مستەفا دۆخی گۆڕان تاوتوێ دەكەن

20-10-2021 06:36
عوسمانی حاجی مەحمود - چیا نەوشیروان مستەفا. وێنەكان؛ پەرەگراف

پەرەگراف- سورکێو محەمەد

عوسمانی حاجی مەحمود‌و چیا نەوشیروان مستەفا، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دووجار كۆبوونەتەوەو گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق‌و دۆخی گۆڕان‌و قۆناغی نوێی كاری سیاسی‌و ڕێكخراوەیی بزووتنەوەكە كردووە.

سەرچاوەیەك كە بە وردیی ئاگادار سەردان‌و كۆبوونەوەكانە، بۆ پەرەگراف وتی "جاری یەكەم دوو ڕۆژ بەرلە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و جاری دووەم دوای هەڵبژاردن بووە، چیا سەردانی كاك عوسمانی كردووەو باسی دۆخی گۆڕان‌و هەڵبژاردنەكەیان كردووە".

لەبارەی ئەنجامی سەردان‌و گفتوگۆكان‌و ئەگەری گەڕانەوەی عوسمانی حاجی مەحمود بۆ ناو گۆڕان، سەرچاوەكە وتی "هێشتا ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووەو گوتویانە كە دانیشتن‌و گفتوگۆی دیكەیان دەبێت، یەكێك لەو بابەتانەی كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە كوڕەكانی كاك نەوشیروانەوە هەیەو ئاڕاستەی كاك عوسمان داوای چارەسەركردنی یەكجاریی دەكەن لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ ناو گۆڕان، پرسی خاوەندارێتیی گردی زەرگەتەو پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزووتنەوەی گۆڕانە، دوای ئەو دوو دانیشتنەش هێشتا ڕوون نییە كوڕەكانی كاك نەوشیروان ئامادەن بۆ چارەسەری ئەم بابەتە یان نا".

دوای شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراق، خانەی ڕاپەڕاندنی ئەو بزووتنەوەیە كە ڕێكخەری گشتی‌و 6 ئەندامن‌و باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە، دەستی لەكار كێشایەوەو گۆڕان سەرقاڵی پێكهێنانی دەستەیەكە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەكەو گۆڕانكاریی ڕیشەیی.

بۆئەوەش چاوی لەو بەرپرس‌و هەڵسوڕاوە ناڕازییانەیە كە بەهۆكاری جیاواز ساڵانێكە لە بزووتنەوەكە دابڕاون، یەكێك لەوانە عوسمانی حاجی مەحمودە كە كەسی یەكەمی یەكێك لەو گروپە دیارانەیە كە وازیان لە گۆڕان هێناوە، یەكێكی دیكە لە گروپە دیارەكان كە بۆ هەمان مەبەست چاویان لەسەرە، هەریەكە لە؛ یوسف محەمەد، عەدنان عوسمان، عەلی حەمەساڵح‌و هۆشیار عەبدوڵان، ئەمانیش مەرج‌و داواكاریی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ كاركردنەوە لەناو گۆڕان، هەرچەندە بە گشتیی بۆچوونەكانیان نزیكن لە ئاڕاستەكەی عوسمانی حاجی مەحمود، بەڵام دوو ئاڕاستەی جیاوازن، ھەروەھا چەند کەسایەتییەکی دیکەش ھەن کە لەدەرەوەی ئەو دوو گروپەن و لە ناڕازییەکانی گۆڕانن.

بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف، ئاڕاستەی عوسمانی حاجی مەحمود پێیانوایە؛ دەبێت پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزووتنەوەی گۆڕان ڕێكبخرێتەوەو بزووتنەوەكە لە ڕووی ماڵیی‌و داراییەوە سەربەخۆ بێت نەك سەربە كۆمپانیای وشە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە، بۆئەوەش پڕۆژەیان هەیە بۆ چارەسەری ئەو بابەتە، ئەگەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەی چارەسەری یەكجاریی بن.

لەو پرسانەی دیكە كە ئاڕاستەكەی عوسمانی حاجی مەحمود بە گرنگی دەزانن بڕیاریان لەبارەوە بدرێت بۆ قۆناغی نوێی گۆڕان‌و گەڕانەوەی ئەوان بۆ كاری سیاسیی لەناو بزووتنەوەكە، بە دامەزراوەیی كردنی ئۆرگانەكانی گۆڕان‌و پرسی پەیوەندییەكانی ئەو بزووتنەوەیەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات، ئەمەش بەشداریی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان دەگرێتەوە.
عوسمانی حاجی مەحمود، پێشتر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕوانەكانی گۆڕان بوو، مانگی 7ی ساڵی 2017 زۆرترین دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندندا كە 45 دەنگ بوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەكانی لە گۆڕان، لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 دەستی لەكار كێشایەوەو لەو كاتە بەدواوە دابڕاوە لە كاری ڕێكخراوەیی لەناو بزووتنەوەكە.

لەكاتی دەست لەكار كێشانەوەی عوسمانی حاجی مەحمود، پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد كە بەشێك لە هۆكارەكانی دەست لەكار كێشانەوەكەی، پەیوەندیی بە "بێئومێدبوون لە چاكسازیی ناوخۆیی"‌و بەشێكی دیكەیشی تایبەت بووە بە "پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو بزوتنەوەی گۆڕان".

كۆمپانیای وشە خاوەنی ئەو موڵك‌و ماڵەیە كە نەوشیروان مستەفا گۆڕانی پێ دامەزراندو ئەو بزووتنەوەیەی پێ بەڕێوەدەبرد، لەدوای كۆچی دوایی خۆی، خاوەندارێتی كۆمپانیاكە بۆ كوڕەكانی گواسترایەوە، ئەوەش ناڕەزایی‌و هەڵایەكی زۆری لەناو گۆڕاندا دروست كردو لێكەوتەكانی تائێستاش بەردەوامن.

ئێستا كە گۆڕان بە خراپترین ئەنجام لە هەڵبژاردنەكەی 10ی ئۆكتۆبەر هاتە دەرەوە‌و هیچكام لە حەوت كاندیدەكەی دەرنەچوون، جارێكی دیكە پەیوەندیی نێوان كۆمپانیای وشەو پرسی ئەو موڵك‌و ماڵەی بەناوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوەن، هاتوونەتەوەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان گۆڕان‌و ناڕازییەكانی ئەو بزووتنەوەیە.

لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەرو كەسی یەكەمی بزووتنەوەكە لە 2017، چەندین بەرپرس‌و هەڵسوڕاوی ئەو بزووتنەوەیە دوركەوتوونەتەوەو ناچنەسەر كارەكانیان‌و بایكۆتی گردی زەرگەتەی مەكۆی سەرەكی گۆڕانیان كردووە، زۆرینەی ئەو ناڕازییانە هەمان ئەو هۆكارانەیان هەیە كە بەهۆیانەوە عوسمانی حاجی مەحمود وازی لە گۆڕان هێنا.