پێنج دەستگیركراوی دیكەی بادینان ئازاد دەكرێن

21-10-2021 11:21

پەرەگراف

دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بڕیاری ئازادكردنی دەستگیركراوێكی بادینان و سزادانی چوار دەستگیركراوی دیكەی بە یەك ساڵ زیدانی دا. پارێزەری دۆسیەكە دەڵێت "ئەمڕۆ هەر پێنجیان ئازاد دەكرێن".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەو پێنج چالاكە كە بەپێی ماددەی یەكی یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003 دۆسیەكەیان لەلایەن ئاسایشەوە ڕەوانەی دادگا كرابوو، بەڵام دادگا ماددەكەی گۆڕی بۆ ماددەی 56ی یاسای سزادان".

"بەپێی ئەو ماددەیە، د. عامر خالید ئازاد كرا. بەڵام هەریەك لە سلێمان كەمال، سڵێمان مووسا، جەمال خەلیل و فرسەت ئەحمەد یەكی بە یەك ساڵ زیندانیكردن سزا دران، كە لە 6-9-2020ـەوە بۆیان حیسابە، واتە سزاكەیان تەواو بووە و هەر ئەمڕۆ ئەوانیش ئازاد دەكرێن"، بەشدار حەسەن وای وت.

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە كرد كە "لە ئەسڵدا ئەو تۆمەتانەی درابووە پاڵ ئەو كەسانە، هەر بوونیان نەبووە" و ڕاست نەبوون.

لای خۆیشیەوە ئەبووبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، كە لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی دیكەدا لە نزيكەوە چاودێریی دادگایی‌و دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان دەكەن، وتی "دەبێت پەرلەمانی كوردستان هەمواری یاساكە بكات، ئەوانەی كە ساڵێك سزا دراون لە فەرمانبەری و پیشە حكومییەكانیان فەسڵ كراون. دەبێت كار بكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان".

هاوكات كامەران عوسمان، سەرۆكی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی(سی پی تی) كە ئەوانیش بە هەمانشێوە نزیكەوە چاودێریی دادگایی‌و دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان دەكەن، دەڵێت "ئەمڕۆ هیواخواز بووین كە بێتاوانیی هەموویان بسەلمێندرێت، بەڵام تەنیا بێتاوانیی د. عامر خالید سەلمێندرا و ئەوانی دیكە بە ساڵێك سزا دران كە ماوەكەیان تەواو كردووە".

"ئێمە داوای قەرەبوو بۆ ئەو زیندانییانە دەكەین، بە تایبەت د. عامر كە ماوەی ساڵێكە بەبێ‌ تاوان لە زینداندایە"، كامەران عوسمان وای وت.