لاھور شێخ جەنگی سەردانی جەلالی سام ئاغا دەكات

22-10-2021 06:32
لاهور شێخ جەنگی - جەلالی سام ئاغا

پەرەگراف

لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەردانی جەلالی سام ئاغا كەسایەتی دیارو سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی كرد.

شەوی ڕابردوو ھاوسەرۆكی یەكێتی، سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغای كرد لە گردی سەرچنار لە سلێمانی‌و پێكەوە بە ئامادەبوونی چەند كەسایەتییەكی دیكە كە دۆستی هەردوولایان بوون، گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی سیاسی كوردستان‌و عێراق‌و ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەری پەرلەمانی عێراق كرد.

جەلالی سام ئاغا كەسایەتییەكی دیارو ڕێزلێگیراوە لەلایەن سەرجەم ئاڕاستەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ناوبراو لە ماوەی ئەرك‌و لێپرسراوێتییەكانیدا لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا ڕۆڵی دیارو بەرچاوی هەبووە.

لەسەردەمی سەرۆكایەتی جەلالی سام ئاغادا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لە گەورە بەرپرسان لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگاو داواكاری گشتیی كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.