گۆهدار زێباری بێدەنگیی شكاند: دوای بڵاوبوونەوەی ئەم نامەیە دڵنیا نیم لە سەلامەتیی ژیانی خۆم

22-10-2021 06:40

پەرەگراف

لە نامەیەكدا كە دەقەكەی بۆ پەرەگراف نێردراوە، گۆهدار زێباری، یەكێك لە سزادراوانی بادینان، لەبارەی هۆكاری سزادانیانەوە دەڵێت "ئێمە لێرەین، چونكە پەنجەمان بۆ سەرەداوەكانی گەندەڵی درێژ كردووە و چاومان خستووەتە سەر گردەكانی ئەم وڵاتە كە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە".

لەو نامەیەدا كە لە ڕێگەی ئەیهان سەعید، چالاكی مافەكانی مرۆڤ و برای یەكێك لە سزادراوانی بادینانەوە بەدەست پەرەگراف گەیشتووە، گۆهدار دەشڵێت "قسەمان لەسەر كۆمەڵێك كەس كردووە كە بەلای ئێمەوە مرۆڤن و قابیلی ڕەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیرۆزن".

ئەیهان سەعید بە پەرگرافی وت "ڕێگە نادرێت قەڵەم بگات بە دەستی زیندانییەكان، بۆیە ئەو نامەیە لەلایەن گۆهدارەوە بە نووكی زنجیرێك لەسەر پارچە كارتۆنێكی بسكیت نووسراوە".

دەقی نامەكەی گۆهدار زێباری:

دوای ساڵێك لە بێدەنگی

سڵاوێكی بوێرانە لە زیندانێكی قووڵ و دابڕاو، بۆ میللەتێكی ستەملێكراو لەدەست دەسەڵاتێكی نەبان و زاڵم. لێرە جوانترین شت قەدەغەیە كە ئەویش قەڵەمە، بۆیە ناچارم بە پارچە زنجیرێك ئەم پەیامە بنووسم.

ناشزانم دەگاتە دەستی ئێوە یان نا، یان ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش، دوای بڵاوبوونەوەی دڵنیا نیم لە سەلامەتیی ژیانی خۆم، بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نییە ئەوەی دێتە ڕێگای بۆ گەیشتن بە مەعشوقەكەی، چونكە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین، بۆیە دەبێت دێڕە تەواونەكراوەكان تەواو بكەین و گوتارە بچڕاوەكانیش بەردەوامی پێ بدەین.

ڕەنگە زۆر لە ئێوە بە پەرۆش بن بۆ ئەوەی بزانن ئێمە بۆ لێرەین، ئێمە لێرەین چونكە پەنجەمان بۆ سەرەداوەكانی گەندەڵی درێژ كردووە و چاومان خستووەتە سەر گردەكانی ئەم وڵاتە كە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە. قسەمان لەسەر كۆمەڵێك كەس كردووە كە بەلای ئێمەوە مروڤن و قابیلی ڕەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیرۆز و قدوسن، لە ڕێزی خوادوەندەكانن.

بۆیە دەبێت قسە بكەین ھەتا ھەموو شتێك دەچێتەوە قەبارەی خۆی و ئەم وڵاتە بە دۆخی ئاسایی و سروشتیی خۆی دا تێپەڕ ببێت.

زۆر داخلەدڵن بۆ ئێمە، بۆیە شەش ساڵ سزای ئێمەیان داوە، دیاریش نییە ئاخۆ ئەم سزایە داخی دڵیان دادەمركێنێت، یان تینووی سزای زیاترن، چونكە دارەكە خراپ لەسەریاندا شكایەوە.

ھەر دەستگیركردنی ئێمە خۆی بۆخۆی سەركەوتنی ئێمە بوو، چونكە ئەوان مانگانە ملیۆنان دۆلار لە میدیا و سۆشیال میدیا خەرج دەكەن و ھزارەھا مووچەخۆر و بەناو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و فڵان و فیسار ھەن، كەچی قودرەتی ئەوەیان نەبوو بە گوتار، بە قەڵەم و گفتوگۆ و مێزگرد وەڵامی ئێمە بدەنەوە، چونكە دەزانن حەقیقەت لای ئێمەیە و ئەوان بەرامبەرمان دۆڕاون.

بە تۆمەت و قسەی ناڕاست دەیانەوێ حەقیقەت بگۆڕن، بەڵام با دڵنیابن ناتوانن حەقیقەت بگۆڕن و ڕاستی بە ڕێگای خۆی دەڕوات.

خاڵێكی تری دۆڕانی ئەوان ئەوە بوو دەیانویست بادینان بترسێنن و ملكەچی خۆیانی بكەن، بەڵام بادینان ئەم جارە گرێی نێوان سۆران و بادینانی كردەوە و بەستەڵەكی نێوان سلێمانی و دھۆكی شكاند. بوو بە سیمبوولی ئازادی و قوربانی و گوتاری ئەوانیان ڕەت كردەوە، ھەنگاوی نا بەرەوە دۆزینەوەی خۆی كە ئیتر من خاوەن بڕیاری خۆمم.


خاڵێكی تر كە مەبەستیان بوو و بەڵام دووبارە شكستیان ھێنا، ناشرینكردن و شكاندنی قەڵەمە بوێرەكانی بادینان بوو، بەڵام بەم كارەی ئەوان ھەڤالانی ئێمە نەك تەنێ لە بادینان، بەڵكوو لە سەرانسەری جیھان وەكوو سیمبوولی ماف و ئازادی بۆ نەتەوەیەك ناسێنران.

لە كۆتاییدا بەرامبەر بە ھەڵوێستی ھەر كەسێك، لە ھەر شوێنێك، لە ھەر پلە و پۆستێك و لە ھەر نەتەوەیەك بۆ پشتیوانیی ئێمە، خۆمان دەچەمێنینەوە و ڕێزی لێ دەگرین.

زۆر سوپاس.

گوھدار زێباری - لە زیندانەوە