ئەنجوومەنی نوێنەران 80%ی ڕووخساری نوێیە؛ ئەوە هیچ لە هاوكێشەكان دەگۆڕێت؟

23-10-2021 06:53

پەرەگراف

ئەو گۆڕانكارییەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10 تشرینی یەكەم ڕووی داوە، هیواكانی گۆڕانكاری و داهاتوویەكی گەشی زیاتر كردووە، هەمووان خوازیارن فەرمانگە حكومییەكان دوای ئەو پرۆسەیە بازێك بدەن و پێشكەوتنی زیاتری ئیداری بەخۆیەوە ببینێت.

لە كۆی ئەو 329 ئەندامەی پەرلەمان كە دەرچوون، 265یان نوێن، ئەوەش بەپێی ئەنجامی بەرایی كۆتایی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، دوای جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان.

بەپێی ئامارەكان، ئەندامە نوێكان 80%ی ئەنجوومەنی نوێنەران پێك دەهێنن، لە بەرانبەردا 65 ئەندامی خولی چوارەم توانیویانە دووبارە ببنەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاری لە كورسییەكەیان بكەن.

گۆڕانكاریی گەورە لەم بوارەدا لە پارێزگای نەجەف بووە كە سەرجەم نوێنەرانی لە پەرلەمان نوێن. لە پارێزگاكانی دیكەش ڕێژەكە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی زۆرینەیان گۆڕاون.

هاتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئەندامانی نوێ، پرسیارێكی زۆری لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانە دروست كردووە كە ئەگەری هەیە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا بێتە كایەوە، بەتایبەت لە ڕووی كاری پەرلەمانییەوە. جۆری هاوپەیمانییەكان، هەروەها توانا و دەسەڵاتی ئەو ئەندامە نوێیانە بەسەر حكومەتی داهاتوودا و چاودێریكردنی كارەكانیان، ئەمە جگە لە ڕۆڵیان لە كاراكردنی ئەو یاسایانەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە.

عیماد محەمەد، چاودێری سیاسی، ڕایدەگەیەنێت "گەیشتنی نزیكەی 35 ئەندامی سەربەخۆ بە كورسیی پەرلەمان و چوونی چەند حیزبێكی نوێ كە پێشتر كورسییان نەبووە بۆ ناو ئەنجوومەنەكە، دۆخێكی نوێ دەخولقێنێت و بەرەو باشتری دەبات، بەتایبەت لە پەسەندكردنی یاساكان و چاودێریكردنی جێبەجێكردنیان، ئەمە جگە لە چاودێریكردنی كاری ئیداریی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بەداواداچوون بۆ گەندەڵیی دارایی و ئیداری، ئەوەش هەنگاوێك دەبێت بەرەو حوكمی ڕەشید لە عێراق".

ئەو چاودێرە بە گرنگی دەزانێت گۆڕانكاری لە كاری سیاسیشدا بكرێت، بەجۆرێك ئامادەكاری بۆ قۆناغی داهاتوو بكرێت كە كوتلەكانی دیكەش چالاك بن، دۆسیە سیادییەكان ڕێك بخرێنەوە، هاوپەیمانییەكان لەسەر بنەمای نیشتمانی دروست بكرێن نەوەك تائیفی و حیزبی.

"پێویستە ئەندامە نوێكان خواستی شەقامی عێراقی بەدی بهێنن، بەدیدگایەكی جیاوازی سیاسی و كە پێچەوانەی سیاقی كۆنی پەرلەمان بێت"، عیماد محەمەد وا دەڵێت.

ئەوەی بووەتە مایەی ترس لە ناوەندی سیاسیدا، كاریگەریی حیزبە گەورەكانە بەتایبەت بۆ سەر ئەندامە نوێكان و سەربەخۆكان، بە جۆرێك هەوڵی شاردنەوەیان بدەن، یان بیانترسێنن و بە پۆست و پارە سنوور بۆ چالاكییەكانیان دابنێن، ئەوەش دەبێتە كوشتنێكی پێشوەخت بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە پرۆسەی سیاسیدا و لەباربردنی هەر بزوتنەوەیەكی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت كە ئەزموونی پێشتر لەو بوارەدا هەیە، بە جۆرێك حیزبە گەورەكان كاریگەریی تەواویان لەسەر ئەندامە نوێكانی خولی ڕابردوو هەبووە كە بووەتە هۆی لادانیان لە ڕێڕەوی سیاسیی خۆیان.

چەند ڕۆژێكە ئەندامە نوێكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان بە ئامادەكاری بۆ قۆناغی داهاتوو كردووە، زۆرینەیان لەگەڵ دروستكردنی ئۆپۆزسیۆندان و نایانەوێت بچنە ناو كێشمەكێشمی تائیفی و دابەشكردنی پۆستەكان دوای پێكهێنانی حكومەت.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە كوتلە و كەسایەتییە سیاسییە براوەكان كە زیاتر لە 40 كورسییان هەیە، ڕۆڵَكی كارا و كاریگەریان لە خولی داهاتووی پەرلەماندا دەبێت، زیندویی دەدەن بە رۆڵی پەرلەمان و سیاسەت لە عێراق.

هەڵبژاردنەكەی 10 تشرینی یەكەم بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان كە بە سیستمی فرەبازنە ئەنجام درا، چەندین كاندید لە دەرەوەی حیزبەكان و بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان كاندید كرد، 35 كەسیان لە پارێزگاكانی عێراق توانییان ببنە براوە كە ئەوە یەكەم جارە لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراق كاندید لە دەرەوەی حیزبێك دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمە جگە لە نۆ ئەندامی لیستی ئیمتداد كە لە تشرینییەكان پێكهاتوون و دوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019 دورست بوون، واتە سەر بە حیزب و لایەنێكی سیاسی نین.

جیاواز لە پارێزگاكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان هیچ كاندیدێكی سەربەخۆ لە دەرەوەی پشتیوانی حیزبی نەیتوانی ببێتە براوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی ئەو ئەندامانەی لە پارێزگاكانی هەرێم دەرچوون نوێن، ئەند ئەندامێكی خولی پێشوو كە لە دیارترینەكان بوون هەرچەندە خۆشیان كاندیدكردبووەوە بەڵام نەیانتوانی جارێكی دیكە متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنن.