پاشماوەی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن؛ پاروویەكی چەور بۆ هەژاران

24-10-2021 04:26

پەرەگراف

باوكی محەمەد تەمەنی 44 ساڵە و ڕۆژانە لە شەقامەكانی بەغداد بەدوای پاشماوەی پۆستەر و بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدەكاندا دەگەڕێت، چونكە دوای تەواوبونی پڕۆسەی دەنگدان ئەوە دەبێتە پاروویەكی چەور بۆ ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن، لەڕێیەوە بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان دابین دەكەن.

عێراق لە 10ی تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەنجام دا، بانگەشەی هەڵبژاردنیش بەشێكی گرنگی پڕۆسەكەبوو، بەتایبەت كە بۆ یەكەمجاربوو بە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان سیستمی 83 بازنە لە سەرتاسەری وڵات پەیڕەو بكرێت.

ئەبو محەمەد دەڵێت "كاتی هەڵبژاردن هەلێكی بەنرخە بۆ ئێمە كە قەرەبوو ناكرێتەوە، شارەوانی و كاندیدەكان ڕێمان پێدەدەن پاشماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن كۆبكەینەوە، بەتایبەت ئاسن و ئەلەمنیۆم و پۆستەرەكانی بانگەشە، ئەو ماددانە بۆ دووبارە دروستكردنەوەیان دەفرۆشین".

"نۆ ساڵە ئەم كارە دەكەم، بەڵام لە وەرزی هەڵبژاردندا داهاتمان دوو هێندە زیاد دەكات، چونكە ئەو ماددانەی پاشماوەی بانگەشەن بە خۆڕایی دەست ئێمە دەكەون" ئەبو محەمەد وادەڵێت.

ئەو پیاوە ئاماژەی بەوەكرد، پۆستەرەكان دەبەخشن بەو كەسانەی ماڵەكانیان لە لەوح دروستكراوە بۆ ئەوەی لە زستاندا سەقفەكانیانی پێدابپۆشن و لە باران پارێزراوبن.

بە وتەی ئەبو محەمەد، بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو ئەمجارە بانگەشە كەمتربووە، ئەوەش بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان كە كاندیدەكان تەنها لە بازنەیەكی دیاریكراو دەنگیان پێدەدرا بۆیە هەر لەوێ بانگەشەیان دەكرد، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو كاندید لەسەر ئاستی پارێزگایەكی فراوان بانگەشەی بۆخۆی دەكرد.

كاندیدەكان خۆیان بایەخی پێنادەن

بەپێی ڕێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەكان، دەبێت كاندیدەكان دوای تەواوبونی پڕۆسەی دەنگدان خۆیان پۆستەرەكانیان لێبكەنەوە، هەر كەسێكیش ئەو كارە نەكات یاخود دوایبخات غەرامە دەكرێت، بەڵام زۆرینەی كاندیدەكان بایەخ بەوە نادەن، ناشیانەوێت بڕێك پارە بدەن بۆ لێكردنەوەی پۆستەری بانگەشەكانیان.

لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەدا، بەڵام هێشتا لە بەغداد بەشێك لە پۆستەری كاندیدەكان ماون، بەتایبەت لە ناوچە دوورەكان لە ناوەندی شارەوە، ئەوەش سودێكی زۆری بۆ ئەوانە هەیە كە كاری كۆكردنەوەی ئاسن و پاشماوەكان دەكەن و زۆرینەشیان لە چینی هەژارن.

ئەوان ئامرازەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ چەند مەبەستێك بەكاردەهێنن، ئەو چوارچێوەیەی لە ئاسن و ئەلەمنیۆم دروستكراوە سەرچاوەیەكی باشی داهاتە، چونكە دوای كۆكردنەوەی بە بڕێك پارە دەفرۆشرێت.

جگە لە ئاسن و ئەلەمنیۆم، پۆستەرە زۆر گەورەكان بۆ داپۆشنی سەقفی ئەو ماڵانە بەكاردەهێنرێت كە بە كەرەستەی سەرەتایی و بەتایبەت لەوح دروستكراون، یاخود لەوەڕگای بۆ ئاژەڵەكان پێدروست دەكرێت، بەڵام ئەو ڕیكلام و بانگەشانەی چوارچێوەی تەختەیان هەیە لە شوێنەكانی خۆیان دەمێننەوە تا خراپ دەبن و بەهۆی كەشوهەواوە دەكەونە خوارەوە.

بودجە بە ملیۆنان دۆلار

بەپێی ئاماری ئەو لایەنانەی چاودێریی بانگەشەیان كردووە، بەشێك لە كاندیدەكان نزیكەی ملیۆنێك دۆلاریان لە بانگەشەدا خەرجكردووە، بەشێكی دیكە خەرجییان گەشتووەتە دوو ملیۆن دۆلار، گروپی سێهەمیش نزیكەی سێ ملیۆن دۆلاریان خەرجكردووە.

چاودێران پێیانوایە، نەبونی یاسا بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ حزبەكان لەبارەی ئەو سەرچاوە داراییانەی پاڵپشتییان دەكەن و ئەو ئیمپراتۆریەتە داراییەی دروستیان كردووە، كاریگەری لەسەر ڕێڕەوی هەڵبژاردنەكان هەبووە، جا لەڕێی كڕینی دەنگەوە بێت یاخود كۆنتڕۆڵكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی بە چەكی دەرەوەی دەوڵەتەوە هەیە كە كاریگەری تەواوی لەسەر هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی هەیە.

ئەحمەد عوبەیدی شارەزا لە دۆسیەی هەڵبژاردن، دەڵێت "خەرجیی ئەم هەڵبژاردنە بەتەواوی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەركەوت، هەروەها لە بانگەشەی مەیدانی و تەلەفزیۆنی، ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر ژمارەی بانگەشەكان لە هەر ناوچەیەك هەبوو"، بەڕای ئەو شارەزایە ئەو هۆكارانە وایكرد تاڕادەیەك بانگەشەی سەرشەقامەكان زۆر و قەرەباڵغ نەبن.

"لابردنی بانگەشەكان لەلایەن دەستگێڕەكانەوە كارێكی مرۆییە و یارمەتیدانی كەسانێكە لە چینی هەژار، بەڵام پرسیارێكیش دێتەئاراوە ئایا ڕۆڵی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەم بابەتانەدا چی دەبێت؟" عوبەیدی وادەڵێت.

ڕۆژی 10 تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدرا، سەدرییەكان بە بەدەستهێنانی زیاتر لە 70 كورسی بونە براوەی یەكەم و لیستی تەقەدومی سوننەكانیش بە 48 كورسی براوەی دووەم بوون، كورد كە بە چەند لیستێكی جیاواز بەشداری كرد، توانی 63 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت، لەسەر ئاستی عێراق لە دەرەوەی حزبەكان زیاتر لە 30 كاندیدی سەربەخۆ دەرچوون‌و دەبنە پەرلەمانتار لە خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران.