ڕووداوەكانی ئەمڕۆی پەرلەمان؛ زۆرینەی فراكسیۆنەكان هەڵوێستی هاوبەشیان ڕاگەیاند

27-10-2021 04:49

پەرەگراف

پێنج فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان، یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و داوا دەكەن "پەرلەمانتارەكەی پارتی بە ڕاشكاوی لەناو كۆبوونەوەدا داوای لێبوردن لە پەرلەمان و خەڵكی كوردستان بكات بۆ ئەوەی دۆخی دانیشتنەكانی پەرلەمان ئاسایی ببێتەوە".

یاداشتەكە پاش ئەوە هات ئەمڕۆ هەریەك لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان، یەكێتی، نەوەی نوێ‌، كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئازادی و سەربەخۆكان پاش دروستبوونی بارگرژی لەسەر قسە نەشیاوەكانی دوێنێی پەرلەمانتاری پارتی (جەلال پەرێشان)، بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد.

ئەو فراكسیۆنان لە یاداشتەكەیاندا دەڵێن "پاراستنی شكۆی پەرلەمان ئەركی پیشەیی و ئەخلاقییە و پێویستە لە ئاستی پاراستنی ئەو شكۆیەدا بن. ئەوەی لە دانیشتنی 26-10-2021دا ڕووی دا سووكایەتییە بە خەڵكی كوردستان و شكۆی پەرلەمان".

هەروەها جەخت دەكەنەوە كە "نابێت چیتر حاڵەتی هەڕەشەكردن و جنێودان بە پەرلەمانتاران لەسەر ڕا و هەڵوێستی پەرلەمان دووبارە ببێتەوە".

"پێداگری دەكەین لەسەر چارەسەر و یەكلاییكردنەوەی ئەو داخوازییانە لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا، بە پێچەوانە هەڵوێستی ترمان دەبێت"، پێنج فراكسیۆنەكە و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان وا دەڵێن.

لەبارەی قسە نەشیاوەكەی دوێنێی جەلال پەرێشان، ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا وتی "خوا وەكیلە تا ئێوارەكەی نەمزانیوە شتی وا وتراوە، كە گوێم لێی بوو شۆك بووم، قسەیەكی نەشیاوە ناشایستە و ھەڵەیە، ئێوەی پەرلەمانتاران كە گوێتان لێ بوو بۆ بە ئێمەتان نەگوت؟ ئەوەندە بێهەڵوێست نیم گوێم لە قسەیەكی وابێت و ھیچ ڕایەكم نەبێت".

سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوە كرد، شتێك كە ڕوو دەدات ڕاستەوخۆ بیزانن ئیجرائات دەكەن، داواشی لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی كرد داوای لێبوردن بكات و ڕووە و پەرلەمانتاران وتی: ئەگەر ئیجرائاتێكی دیكە ھەیە لاریمان نییە، ڕێككەوتنی لەسەر بكەن ناڵێین با وا نەبێت، بەڵام ئەوە لە دەستی ئێوەدایە و لە دەستی سەرۆكایەتیدا نەماوە، چونكە لە ساتی خۆیدا ئێمە ئاگامان لێی نەبووە.

دواتر زانا مەلا خالید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، وتی "داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان دەكەین لەو بارودۆخە نەخوازراوەی دوێنێ ڕووی دا، بۆ هەر كار و كاردانەوەیەك كە ئێمە بووبینە هۆكاری ئەوەی هەستی جەماوەری كوردستان بریندار ببێت".

بەڵام سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "سەبارەت بە قسەكانی كاك جەلال پەرێشان، فراكسیۆنەكانی داوایان لە فراكسیۆنی پارتی كرد كە داوای لێبوردن بكات، داوی لێبوردنی كرد، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكانی تر ڕەزامەند نەبوون بە شێوازی داوای لێبوردنەكە، بۆیە ناچار بووین بە دەنگدان یەكلایی بكەینەوە".

"ئێمە ئەم بابەتەمان خستە دەنگدانەوە، 46 ئەندامی پەرلەمان ڕەزامەند بوون بە داوای لێبوردنەكە، 32 ئەندام ڕەزامەند نەبوون"، سەرۆكی پەرلەمان وای وت.

هەر لە دوای ئەو دەنگدانەیش، پێنج فراكسیۆنەكە و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كۆبوونەوەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد تا ڕاگەیاندنی هەڵوێستە هاوبەشەكەیان. تەنیا فراكسیۆنی پارتی و پێكهاتەكان لە دانیشتنەكەدا مانەوە كە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پرۆژەیاسا.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا، پاش ئەوەی شایان كاكەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، سەبارەت بە دۆسیەی دەستگیركراوی بادینان وتی "تەنیا تاوانیان ئەوەیە پارتی نین"، جەلال پەرێشان لە كاردانەوەی قسەكانیدا جنێوی دا و وتی "ئەوەی باسی پارتی بكات ...... بابی دەبم".

هەرچەندە تۆماری دەنگیی جەلال پەرێشان هەیە و پەرلەمانتارێكیش كردنی ئەو قسە نەشیاوەی لەلایەن جەلال پەرێشانەوە بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە، كەچی دواتر ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەوەی داوای لێبوردنی كرد، وتی "من ئەو قسەیەم نەكردووە و بوختانێكی گەورەیان بۆ كردووم. تەربیەتی خۆم و خێزانەكەم و پارتەكەم ئەوە نییە كە قسەی نەشیاو بكەم".

شەوی ڕابردوویش فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "لە پاش موداخەلەی پەرلەمانتارێكی گۆڕان، جەلال پەرێشان كۆمەڵێك قسەی ئاست نزم و نەشیاو بە كاری پەرلەمانی لەناو هۆڵی پەرلەمان وت، لە جۆری هەڕەشەی زمانبڕین و جنێوی ئاست نزم. پێویسته سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پەرلەمان بڕیار بدەن لەسەر سزایەكی شیاو بۆ ئەو هەڵسوكەوتە نەشیاوە ‌و داوای لێبوردن لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان بكات".