وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دارایی بۆ چارەسەری كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەركرد

27-10-2021 05:14

پەرەگراف

وەزارەتی دارایی هەرێم بە واژووی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری، ڕێنمایی دارایی بۆ كرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و چارەسەكردنی كێشەكانیان دەركرد.

رێنماییە داراییەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری كە بە ژمارە (14) دەرچوە، ئاراستەی گشت وەزارەتەكان و دەستەكانی نەبەستراو بە وەزارەت كراوەو تیایدا هاتوە، پاڵپشت بە نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و كۆنوسی كۆبونەوەی نێوان وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پەروەردە لە 19/10/2021 ، شەش رێنمایی بۆ چارەسەری كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ دەرچوە كە تایبەتە بە دیاریكردنی كرێی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بەپێی گوندو شارەدێ و سەنتەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و لەبەرچاوگرتنی بڕوانامە.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم رێنماییە داراییە لە 1/9/2021ەوە جێبەجیدەكرێت و لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.