پێنج كەسی دیكە لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوون

02-03-2020 07:59


پەرەگراف

پێنج كەسی دیكە لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، لە هەرێمی كوردستانیش ڕێكاری نوێ بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەگیرێتەبەرو تەندروستی سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە هیچ كەسێك بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە مردبێت.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، سێ كەس لە بەغدادو كەسێك لە میسان‌و كەسێكی دیكە لە نەجەف تووشی كۆرۆنا بوون. بەوەش کۆی حاڵەتەکان لە عێراق گەیشتنە ٢٦ تووشبوو؛ لە بەغداد ١٣، کەرکوک ٥، سلێمانی ٤، نەجەف ٢، بابل ١ و میسان ١ تووشبوویان ھەیە.

لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێكی نوێ تۆمار نەكراوەو تەنها ئەو 4 تووشبووە هەن كە دوێنێ لە سلێمانی ڕاگەیەندرا، ئەمڕۆش تەندروستیی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند: هیچ نەخۆشێك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆچی دوای نەكردووە.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەربارەی دەنگۆی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند "دڵنیایی دەدەین بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی هیچ نەخۆشێك لە شاری سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆچی دوای نەكردووە. ئەو نەخۆشەی ئەمڕۆ كۆچی دوای كردووە لە شاری سلێمانی، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ كراوە و پشكنینەكەی نەرێنی بووە واتە (تووشبووی كۆرۆنا نەبووە)".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەشڵێت "ئێمە لە خۆپارێزیدا پێشەنگ بووین، لە دەستنیشاكردن لە لووتكەداین، لە چارەسەر و سەركەوتن لە یەكەمەكان دەبین، لە ڕاستگۆیی و متماندا لەگەڵ هەمووان دەبین".

لە شارەكانی هەرێم ئەمڕۆ گرتنەبەری ڕێكاری نوێ ڕاگەیەندرا، پارێزگاری هەولێرو سلێمانی دانانی پرسە‌و بۆنە كۆمەڵایەتیی‌و ئاینییەكانیان قەدەغە كرد.

هەروەها داوا لە خەڵك كرا خۆیان لە هەموو جۆرە كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك بەدوور بگرن، تەنانەت هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داواشی لە خەڵك كرد بەشداریی نوێژی جەماعەت و ھەینیی نەكەن و لە ماڵەكانی خۆیانەوە نوێژ بكەن تا ئەوكاتەی فتوای لەبارەوە دەردەچێت.

پارێزگاری سلێمانی دڵنیاییدا لەوەی تەندروستیی ئەو چوار توشبووەی سلێمانی باشەو ھیچ حاڵەتێكی نوێ تۆمار نەكراوە.