سیروان لە مەترسیدایە و ئێرانیش تۆمەتباری سەرەكییە؛ عێراق چی دەكات؟

27-10-2021 10:29

پەرەگراف

بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لەو دابەزینە زۆرەی لە ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان ڕووی داوە، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی كەمبوونەوەی باران و دروستكردنی چەندین بەنداو لەسەر سەرچاوەی ڕووبارەكە لە وڵاتی ئێران، ئەوەش كاریگەریی لەسەر كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا دروست كردووە، لە وڵاتێكدا كە خۆی نوقمی چەندین قەیران و كێشەی گەورەیە.

خراپبوونی دۆخەكە تا ئەو ڕادەیە، مەهدی حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراقی ناچار كردووە، ئاماژە بە ئەگەری پێشكەشكردنی سكاڵەیەكی فەرمی بدات دژی تاران لە دادگای دادی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێران لەوبارەیەوە خەمساردە، ئەوەش بەهۆی ئەو هەژموونە زۆرەی هەیەتی كە بۆ بەكارهێنانی كارەبا و غاز پشتی پێ دەبەستێت.

حەمدانی باسی لەوە كردووە، كەمبارانی كاریگەریی لەسەر توركیا و سووریا و ئێران هەبووە، ئەوە كێشەكەیە كە عێراق ئەو ئاوە بەكار دەهێنێت بۆ كشتوكاڵ كە لە توركیاوە دێت، لەگەڵ ئەو سەرچاوە و لقی ڕووبارانەی لە ئێران هەڵدەقوڵێن.

وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ئاشكرای كردووە، توركیا بەدەم داواكاریی بەردانەوەی ئاوەوە هاتووە، بەڵام ئێران بڕەكەی زۆر كەم كردووەتەوە، بۆیە وەزارەتی دەرەوە پلانی هەیە سكاڵایەكی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە پێشكەش بكات.

ڕووباری سیروان یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی دروستبوونی ڕووباری دیجلە. لە ئێرانەوە هەڵدەقوڵێت و ئاو دەدات بە بەنداوی دەربەندیخان، دواتر لە ڕێڕەوی خۆی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە پارێزگای دیالەی كشتوكاڵی، بەڵام دابەزینی بەو ڕێژە زۆرە، كاریگەریی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لەو ناوچەیە هەبووە.

ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان، ڕایدەگەیەنێت "جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئاستی ئاو لەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا، بە جۆرێك حەوت مەتر و 50 سانتیمەتر ئاستەكەی دابەزیوە". باسی لەوەش كردووە كەمبوونەوەیەی لەو شێوەیە پێشتر لە بەنداوەكەدا نەبووە.

"كەمبوونەوەی ئاو لە سەرچاوەی سەرەكی بەنداوەكەوە بەهۆی كەمی باران و بەفرەوەیە، هەروەها دروستكردنی چەند بەنداوێك لە ئێران لەسەر سەرچاوەی ڕووبارەكە، ئەمە جگە لە گرتنەوەی ئاوی بەنداوەكان لە ئێران و گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارەكە"، بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان وا دەڵێت.

خانی باسی لەوەش كردووە، ئەو دابەزینەی ئێستا لە ساڵی 1961 كە بەنداوەكەی تێدا دروست كراوە، هاوشێوەی نەبووە.

بەرپرسێكی دیكەی بەنداوەكە ئاشكرای دەكات، ڕێژەی ئاوی بەنداوەكە لەمساڵدا 900 ملیۆن مەتر چوارگۆشە بووە، لەكاتێكدا تێكڕای ناوەندی ڕێژەی ئاو لە ساڵێكدا دەبێت چوار ملیار و 700 ملیۆن مەتر بێت چوارگۆشە بێت.

كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بووەتە هۆی كەمكردنەوە بەرهەمهێنانی كارەبا بە ڕێژەی 30% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمە جگە لە كاریگەرییە گەورەكەی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ لە پارێزگای دیالە و ئەو ناوچانەی پشت بە ئاوی بەنداوەكە دەبەستن.

ئێستا ئاو یەكێكە لە دۆسییە گرنگ و گەرمەكانی عێراق، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و وشكەساڵیی بەردەوام، هەروەها گرێدراوە بە دۆسییە جیۆسیاسییەكان كە پەیوەندیی بە دابەشكردنی ئاوی دیجلە و فوراتەوە هەیە لەگەڵ ئێران و توركیا و سووریا.

عەون زیاب، ڕاوێژكار لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، ئاشكرای دەكات "بە تەواوی ئاو لە ڕووباری سیروان بڕاوە".

لای خۆیەوە حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە "پارێزگای دیالە لە پلانی كشتوكاڵ دوورخراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی بڕینی سەرچاوەكانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە".