مەسیحییەكان داوای گۆڕینی یاسای كۆتا دەكەن

28-10-2021 05:23

پەرەگراف

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكەی 10 تشرینی یەكەم، جارێكی دیكە مشتومرێكی زۆر لەبارەی كورسیی كۆتاكان بەتایبەت ئەوەی بۆ مەسیحییەكان دیاری كراوە كە لە پێنج كورسی پێكهاتووە، دروست بووەوە.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، بزووتنەوەی بابیلۆن پشكی شێری كورسیی كۆتای مەسیحییەكانی بۆ خۆی بردووە، ئەوەش وای لە حیزب و كەسایەتییە مەسیحییەكان كردووە گومانیان زیاتربێت لە شەرعیەتی ئەو لایەنە، بەتایبەت كە كوتلەیەك لە دەرەوەی تائیەفەی مەسیحییەكان ڕۆڵێكی دیاری هەبووە لە بردنەوەی بزووتنەوەكە و كۆنترۆڵكردنی دەنگی مەسیحییەكان.

یونادم كەنا، سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری، ڕایدەگەیەنێت "بەشێوەیەكی گشتی ئەم هەڵبژاردنە زۆر لەوانەی پێشتر باشتر بوو، ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە چەند دادوەرێك پێكهاتبوو نەك كەسانی حیزبی، بۆیە كاری كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان زۆر لە چوار خولەكەی ڕابردوو باشتر بوو، بە ڕاددەیەك كە پێوانە ناكرێت".

"كۆتا بەم شێوەیە نوێنەرایەتی مەسیحییەكان و تایبەتمەندیی قەومی و ئایینی و ڕۆشنبیرییان ناكات. لەو كاتەی یاساكە دانراوە، ئەوانەی داڕێژەری بوون، پلانی ئەوەیان هەبووە. هەرچەندە ئەو كاتەش ئێمە دژی بووین، هۆشداریمان دا لەبارەی دزینی كورسیی كۆتای مەسیحییەكان، بەڵام كوتلە عێراقییە جێبەجێكارەكان لە سەرەتاوە دەیانویست ئەم پلانە جێبەجێ بكەن، دەست بەسەر هەموو كورسی كۆتاكاندا بگرن، بۆیە ئەمجارەش كورسییەكانمان بۆ چەند لایەنێك ڕۆیشت كە لە دەرەوەی دەنگی مەسیحییەكان سەركەوتوو بوون"، كەنا وا دەڵێت.

سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوەری ئاماژە بەوە دەكات، هیچ كەسێك ناتوانێت بە تەواوی نوێنەرایەتیی مەسیحییەكان بكات، شتەكە ڕێژەییە. باسی لەوەش كردووە "ئەوانەی كورسییەكانیان بردووەتەوە، مەسیحین، بەڵام بە دەنگی مەسیحییەكان دەرنەچوون. چوار كورسی لە پێنج كورسی كۆتای مەسیحییەكان بۆ بزووتنەوەی بابلیۆن بووە كە لەلایەن هاوپەیمانیی فەتحەوە پشتیوانی دەكرێن".

یونادم كەنا كە خۆی پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە، پێی باشە تەنیا مەسیحییەكان بتوانن دەنگ بۆ پڕكردنەوەی كورسیی كۆتای مەسیحییەكان بدەن، چونكە لە هەموو جیهاندا و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی سیستمی كۆتا، دەنگدان بەو شێوەیەیە، تەنیا ئەو كەسانەی خاوەنی كورسیی كۆتان دەتوانن دەنگی پێ بدەن، بەڵام لە عێراق پێچەوانەیە و هەمووان دەتوانن دەنگ بە كورسیی كۆتاكان بدەن، بۆیە كوتلە گەورەكان كە مەسیحی نین، هەوڵی كۆنترۆڵكردنی كورسییەكان دەدەن".

"هەرچەندە داوامان كرد سیستمی هەڵبژاردنی كۆتای مەسیحییەكان دەستكاری بكرێت، هەوڵەكانیشمان بەردەوامە بۆ ئەوەی بە ڕێگای یاسایی چارەسەری ئەو كێشە گەورەیە بكەین، بۆ ئەوەش واژووی كڵێسا و پاتریاركەكانمان كۆكردووەتەوە، بۆیە داوا دەكەین یاسای تایبەت بە كۆتای مەسیحییەكان هەموار بكرێتەوە، بەڵام لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان ڕەتی دەكەنەوە. ئەو ئەنجامەی ئێستاش هەیە بەداخەوە سروشتی و چاوەڕوانكراو بوو"، سكرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری وا دەڵێت.

كەنا جەخی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن و لەڕێی سیاقی یاساییەوە هەوڵی ڕاستكردنەوە دەدەن، بە جۆرێك بەشێوەیەكی ئیجابی بەسەر پرۆسەی دیموكراسیدا بشكێتەوە و بتوانن نوێنەرایەتیی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بكەن.

هەرچەندە سەرژمێرییەكی فەرمی بۆ ژمارەی مەسیحییەكانی عێراق نییە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكان ژمارەیان لەنێوان 250 بۆ 300 هەزار كەسدا دەبێت، ئەوەش لە كۆی دوو ملیۆن مەسیحی عێراقی كە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیان بەو شێوەیە كەم بووەتەوە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەران لە 329 كورسی پێكدێت كە 320 بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بوون، نۆ كورسییەكەی دیكەش تایبەتە بە كۆتا كە پێنجیان بۆ مەسیحییەكانی بەغداد، موسڵ، هەولێر، كەركووك و دهۆك دانراوە.