زانیاریی ڕەسمیی: مەلا بەختیار بە ژەھری جیوە دەردەدار كراوە

30-10-2021 01:51

پەرەگراف 

پەیجی فەرمیی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌ و بەرژەوەندیی یەكێتی‌، لە سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیارەوە زانیاریی ڕەسمیی لەبارەی "ژەھر خواردکردنی" بڵاوکردەوە.

دەقی بڵاوکراوەکە وەکخۆی

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەڕێز مەلا بەختیار-ەوە، سەبارەت بەژارخواردنەكەی:

وەك پیشەی هەمیشەیی میدیاكان، نەخۆشی مەلا بەختیار، كراوەتە بابەتی دەنگوباس‌و تۆماری ڤیدیۆیی..

هەندێك لەهەواڵەكان راستن‌و هەندۆكەیەكیشیان، راست نین. تا ئێستا بەڕەسمی بەڕێز مەلا بەختیار، سەبارەت بەژەهرخواردنەكەی، هیچی نەدركاندووە. بەڕاوێژ لەگەڵ بەڕێزی، ئەم زانیارییانە بەڕەسمی بڵاودەكەینەوە:

یەكەم: لەدوو نەخۆشخانەی هەرە پێشكەوتووی ئوردن (الخالدیە)و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشكنینی وردو هەرە زانستی بۆ كراوە. لە هەردوو نەخۆشخانەكە سەرەنجامی پشكنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەركەوتووە كە بەڕێز مەلا بەختیار بەژەھری (جیوە) دەردەدار كراوە.

لەگەڕانەوەدا، دوای دوو هەفتە، تەواوی بەڵگەكان دەخاتە بەردەم رایگشتی‌و یەكێتی و حزبە تێكۆشەرەكانی كوردستان‌و عیراق. هەروەها كونسوڵگەریی‌و سەفارەتەكان.

چاوەڕوانی بەپەلەی دەستبەجێی كۆبوونەوەی بەڕێزان ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی‌و مەكتەبی سیاسی دەكات، سەبارەت بەم تاوانە. دوایئەوەش، سكاڵا لەدادگای باڵای تاوانەکانی كوردستان دەكات. تەنانەت سكاڵا دەگەیەنێتە دادگای وڵاتێكی رۆژئاواش. هەروەها رێكخراوە مرۆییەكانی جیهانیشی لێئاگادار دەكاتەوە.

دووەم: پێش لێكۆڵینەوە، هیچ كەس‌و لایەك، تۆمەتبار ناكات. بەڵام بەڵگە سەرەتاییەكانی بەردەستی بەڕێزی، كە هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانیود.خەسرەو گوڵ محەمەد‌و بەرپرسی ئێستای زانیاریی‌و ژمارەیەك هەرە هاوڕێی نزیكی خۆیی و خانەوادەكەشی، ئاگادار كردۆتەوە، كە ئەمتاوانە دەمێكە ئەنجامدراوە، كاری دوو مانگ‌و سێ‌ مانگ نییە.

هەروەك جەختمان كردۆتەوە، دوای گەڕانەوەی بەڕێز مەلا بەختیار‌و دوای كۆبوونەوە رەسمییەكان، رایگشتیو ناوەندە رەسمییەكانی دەرەوەو ناوەوە، بەئاخاوتنی رەسمیو نوسراو، ئاگادار دەكاتەوە.

لەگەڵ رێزماندا

بەرلین

30/10/2021