لە پەلامارێکی داعشدا لە کەرکوک دوو پێشمەرگە شەھید بوون

30-10-2021 10:38
ئاکۆ کەریم و خالید کاکەیی، ئەو دوو پێشمەرگەیەی لە ھێرشەکەی ئەمشەودا شەھید بوون.

پەرەگراف 

تیرۆریستانی داعش لە میحوەری کەرکوک هێرشیان کردەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و دوو پێشمەرگە شەهید بوون.

پەیجی دژەتیرۆری کوردستان، بڵاوی کردەوە "کەمێک پێش ئێستا چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سەر فەوجی دووی لیوای 10ی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی زرگە زراو لە سنووری میحوەری کەرکووک. بە داخەوە لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون".

ھاوکات وەزارەتی پێشمەرگەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەمشەو ۳۰ ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۱ لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریك پەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای ۱۰ی پیادە لەسنووری شارۆچكەی پردێ، لەساتی راوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای ۱۰ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی ( خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر ) شەهید بوون".

وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، هێزی پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان, "لەكاتێكدا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، بەم كارە چەپەڵ وترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێك و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پووچەڵدەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری وهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ  و سوپای عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش".

جموجوڵ و چالاکیی تیرۆریستانی داعش لە زیادبووندایە لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق بە ھەندێک ناوچەی کەرکوکیشەوە، بەتایبەت دوای ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی ئۆکتۆبەر، ئەوەش جۆرێک لە ترس و ناسەقامگیریی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

سەرەتای مانگی ٥ی ئەمساڵیش داعش لە ھەمان ناوچە (زرگه‌زراو) له‌ سنووری میحوه‌ری پێنج لە نزیك پردێ، هێرشی كرده‌ سه‌ر لیوای١٠ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و نزیكه‌ی یه‌ك كاتژمێر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قورس به‌رده‌وام بوو. له‌ ئه‌نجامدا سێ‌ شه‌هید و دوو بریندار له‌ ڕیزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌وته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كان ئه‌فسه‌رێك بوو به‌ پله‌ی نه‌قیب، لە ڕیزی چەکدارانی داعشیش ژمارەیەک تیرۆریستکوژران.

ئەوکات وەزارەتی پێشمەرگە، هۆكاری ئه‌و هه‌لقۆستنه‌وه‌یەی تیرۆریستانی، بۆ بوونی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ گەڕاندەوە‌ كه‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هه‌یه‌.

"بۆ ئه‌مه‌ش جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ پێویستیان به‌ هێزی هاوبه‌ش و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا" وەزارەتی پێشمەرگە وای وت.

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، هێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و ناوچەكانی تری جێناكۆك كشانەوە، كاتێك پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەولێر و بەغدا گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی، بەهۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری كوردستانەوە، ئەوەش وایکرد بۆشایی ئەمنیی دروست ببێت.

ڕێكخراوی داعش كە لە حوزەیرانی 2014دا دەستی گرت بەسەر شاری مووسڵ و بەشێك لە كەركووك و ناوچەیەكی بەرفراوان لە عێراق، دوای دوو مانگ لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە لە چەندین میحوەرەوە كەوتنە شەڕەوە.

هێزەكانی پێشمەرگە، لە ماوەی 3 ساڵی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، لە تەواوی سنوورەكانی كەركووك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین و گەرمیان، زیاتر لە هەزار و 700 شەهیدیان هەبووە، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار بریندار و دەیان بێسەروشوێن، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتیپێشمەرگه‌.