وەزیری خوێندنی باڵا: دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دەكەم و پلانی وەرگرتنی خوێندكاران زیاد دەكەم

31-10-2021 02:26

پەرەگراف

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاگەیاند "دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دەکەم و پلانی وەرگرتنی خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی زیاد دەکەم. پرۆسەکە دەخەمە سەر ڕاستەڕێی خۆی. خوێندکاران دڵنیا دەکەمەوە کە کەسیان لەسەر شەقام نامێننەوە".

د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کێشەی دەرچووانی پۆلی ١٢، وتی کە بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە وەرگرتنی خوێندکاری زیاتر تۆمەتبار کراوە بەوەی "کوالێتی" خوێندن تێک دەدات. لەو ڕووەشەوە وتی "من یەک ڕستە دەڵێم کە ڕەنگە قورس بکەوێتەوە، بەڵام بەرپرسیارم لێی: لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئەو ئەنیشتاین و ئیسحاق نیوتنانەی ئێوە بەرھەمتان ھێناوە پێمانی بناسێنن! تۆماس فریدمانەکانی کامانەن کە زانکۆکانی کوردستان دروستیان کردووە و ئێستا بەهۆی وەرگرتنی دوو خوێندکاری زیاترەوە دروست نابنەوە؟!".

وەزیری خوێندنی باڵا جەختی کردەوە کە "بۆ ئەوەی ئەم جوگرافیایە ببێت بە نیشتمانی هەموو ئەوانەی تێیدا هەناسە دەدەن، دەبێت دادپەروەرییان بۆ دەستەبەر بکەین. ئەگەر هەموو فرسەتەکان بۆ ئێمەی دەسەڵاتدار و کەسوکارەکانمان بێت، ئەوە ئێمە بە دەستی خۆمان ئایندەی وڵاتی خۆمان خاپوور دەکەین".

"داوا لە هەموو خوێندکاران دەکەین بڕۆنەوە ماڵەکانی خۆیان، هەتا ئێمە لیرە بین ناهێڵین غەدریان لێ بکرێت. هەڵەش ڕوو بدات، بۆیان چاک دەکەینەوە".