سەرۆكی پەرلەمان: ئەوانەی بڕوایان بە مافەكانی ژن هەیە بە تەنیا جێمان دەهێڵن

01-11-2021 01:46

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، كەس ناتوانێت لە بەرامبەر ڕایگشتی بڵیت من دژی مافەكانی ژنانم، بەڵام ، ئەوانەیشی كە بڕوایان بە مافەكانی ژنان هەیە، لە بەرامبەر لێشاوێك لە ناهەقی، بە تەنیا جێیان دەهێڵن.

ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان، لە میانی وتارێكدا لە فیستیڤاڵی میدیایی دەنگەكانمان لە هەولێر، گلەیی‌و ڕەخنەی لەو بارودۆخە هەبوو كە ڕوبەڕوی ژنانی كوردستان بووەتەوە.

"كاتێك دێتە سەر دۆزی ژن، لە بەرامبەر ڕایگشتی كەس ناتوانێت بڵێ دژی توانا و هاتنە پێشەوەی ژنانم، هەموویان لەگەڵن. دەستمان دەگرن تا دەمانبەنە شوێنەكە لەوێ بەجێمان دەهێڵن، وەك ئەوە وایە تۆ بتەوێ پڕۆژەیەك ئەنجامبدەیت و لە ڕۆژی كردنەوەیدا جێی بهێڵی، ئەوانەی كە بڕوایان بە مافەكانی ژنان هەیە، لەبەرامبەر لێشاوێك لە ناهەقی، بە تەنیا جێمان دەهێڵن" سەرۆكی پەرلەمان وای وت.

ڕێواز فایەق وتیشی "داواتان لێدەكەم بۆ من نا، چونكە سوپاس بۆ خوا من ژنێكی بەهێزم، بەڵام بۆ لەمەودوا كە پاڵپشتی ژنێكتان كرد و بردتانە شوێنێك لەوێ بە تەنیا جێی مەهێڵن، پشتیوانی بكەن، ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، گلەییتان لێی هەبوو زانیتان باش نوێنەرایەتیتان ناكات، گرووپ دروست بكەن و بڕۆن پێی بڵێن تۆ سەركەوتوونیت و دەتوانیت وا ئیش بكەیت، ئەگەر بە قسەی نەكردن ببن بە بەشێك لە كێشەكە یان هەڵمەتەكە".

ئەوە یەكەمجار نییە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕخنەو گلەیی بكات لە دژایەتی ژنان‌و پشتیوانیی نەكردنیان لە كارەكانیاندا، پێشتریش ڕەخنەی لە حیزبەكەی خۆی گرت كە نەك پشتیوانیی ناكەن بەڵكو دژایەتیی دەكەن.

سەرۆكی پەرلەمان بەشێك لەو دژایەتی‌و پشتیوانی نەكردنە بە ژنبوونەوە گرێ دەدات‌و پێیوایە ئەوە هۆكارەكەیەتی.

بەشێكی دیكە لە وتەكانی ڕێواز فایەق تایبەت بوو بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و جنێودان بە ژنان.

"هەموو ئەو ژنانەی گۆرانی دەڵێن، شانۆكارن یان دامەزراوەیەك بەڕێوەدەبەن، ڕۆژانە دەیان هەزار جنێویان پێدەدرێت، ڕۆژانە هەندێك كەس تۆڕی كۆمەڵایەتی بۆ جنێودان بە دایك و خوشك و ژن بەكاردەهێنێت. پیاوەكان كە لەنێوان خۆشیان شەڕ دەكەن جنێو بە ژنەكان دەدەن، ئێمە چیمان كردووە ئەو ژنانەی ڕۆژانە جنێومان پێدەدرێت؟ هیچ".

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی "هەرچەندە من باوەڕم بەوە نییە سەنگەر هەبێت لەنێوان ژنان و پیاوان، بۆ چارەسەركردنی دۆزی ژنان، بەڵام دەبێ سەنگەرێك لەنێوان ئەوانە هەبێت كە بە ڕاستگۆیی باوەڕیان بە تواناكانی ژنان هەیە لەگەڵ ئەوانەی كە باوەڕیان پێی نییە و خەڵك چەواشە دەكەن، چونكە ئەوان بە ژمارە لەگەڵمانن، بەڵام دژن".