كەسێكی دیكە لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوو

02-03-2020 10:00


پەرەگراف

وەزیری تەندروستی هەرێم تووشبوونی كەسێكی دیكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی ڕاگەیاند، بەوەش ژمارەی تووشبووان گەیشتنە 5 كەس.

د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا پشكنین بۆ 27 گومانلێكراو ئەنجام دراوەو دەركەوت تەنها یەك كەسیان هەڵگری ڤایرۆسەكە بووە.

سامان بەرزنجی وتیشی: ئەو كەسە لە هەمان ئەو خێزانە سێ كەسییەیە كە دوێنێ ڕاگەیەندرا هەڵگری ڤایرۆسەكەن و ماوەیەك بەرلە ئێستا لە ئێران گەڕاونەتەوەو ئەو كەسەشیان لەگەڵدا بووەو كەرەنتین كراون‌و لەژێر چاودێرییدان.

وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستە ڕوو، 184 گەشتیاری دیكە كەرەنتین كراون لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە كۆی گشتی 2484 كەس كە كەرەنتیت كراون لە 27 شوێن لە ژێر چاودێرییدان.

"هەڵگرانی ئەم ڤایرۆسە لە بارێكی تەندروستیی جێگیرو زۆر باشدان‌و چارەسەری پێویست‌و چاودێریی چڕ لەسەریانە" سامان بەرزنجی ئەوەشی خستە ڕوو، لە سەرەتاوە 89 پشكنین بۆ گومانلێكراوان ئەنجام دراوەو تەنها ئەو 5 حاڵەتە هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون، هەر پێنجیان لە سلێمانین‌و لە ئێران گەڕاونەتەوە.

لە شارەكانی هەرێم ئەمڕۆ گرتنەبەری ڕێكاری نوێ ڕاگەیەندرا، پارێزگاری هەولێرو سلێمانی دانانی پرسە‌و بۆنە كۆمەڵایەتیی‌و ئاینییەكانیان قەدەغە كرد.

هەروەها داوا لە خەڵك كرا خۆیان لە هەموو جۆرە كۆبوونەوەو قەرەباڵغییەك بەدوور بگرن، تەنانەت هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داواشی لە خەڵك كرد بەشداریی نوێژی جەماعەت و ھەینیی نەكەن و لە ماڵەكانی خۆیانەوە نوێژ بكەن تا ئەوكاتەی فتوای لەبارەوە دەردەچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ د. سەباح هەورامی، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەربارەی دەنگۆی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایگەیاند "دڵنیایی دەدەین بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی هیچ نەخۆشێك لە شاری سلێمانی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆچی دوای نەكردووە. ئەو نەخۆشەی ئەمڕۆ كۆچی دوای كردووە لە شاری سلێمانی، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ كراوە و پشكنینەكەی نەرێنی بووە واتە (تووشبووی كۆرۆنا نەبووە)".

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەشڵێت "ئێمە لە خۆپارێزیدا پێشەنگ بووین، لە دەستنیشاكردن لە لووتكەداین، لە چارەسەر و سەركەوتن لە یەكەمەكان دەبین، لە ڕاستگۆیی و متماندا لەگەڵ هەمووان دەبین".

هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق تووشبوونی 5 كەسی دیكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕاگەیاند.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، سێ كەس لە بەغدادو كەسێك لە میسان‌و كەسێكی دیكە لە نەجەف تووشی كۆرۆنا بوون.

ئێستا كۆی تووشبووان لە عێراق گەیشتوونەتە 27 كەس؛ لە بەغداد 13 كەركوك 5، سلێمانی 5، نەجەف 2، بابل 1 و میسان 1 تووشبوویان ھەیە.