جۆكەر لە تۆكیۆ 17 كەس بە چەقۆ بریندار دەكات

01-11-2021 04:07

پەرەگراف

گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ كە هاوشێوەی كەسایەتیی فیلمی جۆكەر جلوبەرگی پۆشیوە، لەناو میترۆیەكی شاری تۆكیۆی پایتەختی یابان، بە چەقۆ هێرش دەكاتە سەر ژمارەیەك كەس كە بۆ بەشداری لە مەراسیمەكانی هاڵۆوین دەڕۆن.

ئەو گەنجە یابانییە هاوشێوەی كەسایەتیی جۆكەر، چاكەت و پانتۆڵ و هێلەك و بۆینباخی پۆشیوە. 17 كەس بە چەقۆ بریندار دەكات و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێت.

وەكوو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، هێرشبەرەكە پاش ڕووداوەكە بە هێمنی لەناو میترۆكەدا دانیشتووە و جگەرە دەكێشێت تا ئەو كاتەی پۆلیس دێن بۆ دەستگیركردنی، هاوشێوەی كەسایەتیی جۆكەری ناو فیلمەكە كە لە دوای ڕووداوەكان جگەرە دەكێشێت.

شایەتحاڵەكان دەڵێن كە هێرشبەرەكە سەرەتا شلەیەكی ڕوونی وەكوو بەنزینی لە چواردەوری یەكێك لە فارگۆنەكانی شەمەندەفەرەكە ڕشتووە و ئاگری خستووەتەوە، بەو هۆیەوە سەرنشینەكان لە پەنجەرەكانی میترۆكەوە دەستیان بە هەڵاتن لە شوێنەكە كردووە.

یەكێك لە سەرنشینەكان دەڵێت "سەرەتا وا بیرم دەكردەوە كە نمایشێكە بەهۆی هاڵۆوینەوە، بەڵام دواتر پیاوێكم بینی كە بە ئارامی چەقۆیەكی گەورە ڕادەوەشێنێت و بەرەو ڕووم دێت".

ڕووداوەكە كاتژمێر 8ی شەوی ڕابردوو بە كاتی یابان لە میترۆیەك لە ڕۆژئاوای تۆكیۆی پایتەخت ڕووی داوە.

شێوازی هێرشەكە هاوشێوەی دیمەنێكی ناو فیلمی جۆكەر بووە. بەپێی میدیاكانی یابان، هێرشبەرەكە بە پۆلیسی وتووە كە هەوڵی داوە خەڵك بكوژێت تا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەربكرێت.

فیلمی جۆكەر كە ساڵی 2019 بڵاو كرایەوە، دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو و سەركەوتنی زۆری بەدەست هێنا.

لە دیمەنێكی فیلمی جۆكەردا دوای ئەوەی كە سێ‌ كەس لەناو میترۆیەكدا ئازاری كەسایەتیی جۆكەر دەدەن و گاڵتەی پێ‌ دەكەن، لە كاردانەوەدا هێرش دەكاتە سەریان و دەیانكوژێت.

سێ‌ كەس لە بریندارانی دەستی جۆكەرەكەی تۆكیۆ، برینەكانیان سەختە، كە دەگوترێت یەكێكیان پیاوێكی بەساڵاچووە.

ڕووداوی لەو شێوەیە بە دەگمەن لە یابان ڕوو دەدات، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هاوشێوەی هەبووە.

لە مانگی هەشتی ئەمساڵیش لە ڕووداوێكی هاوشێوەدا، 10 كەس بەهۆی هێرش بە چەقۆ لەناو شەمەندەفەرێكی شاری تۆكیۆ بریندار بوون.

ساڵی 2019یش لە شاری كاوازاكیی یابان، پیاوێك هێرشی كردە سەر ژمارەیەك قوتابی و بەهۆیەوە دوو قوتابی گیانیان لەدەست دا و 18ی دیكە بریندار بوون.