مەلا بەختیار: ژەهرخواردکردنمان لەناو یەکێتی ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە

01-11-2021 11:17

پەرەگراف

مەلا بەختیار لە نووسینێکدا بۆیەکەمجار لە زاری خۆیەوە باس لە ژەھرخواردکردنی دەکات و بە ئەنجامێکێ چاوەڕوان کراو ناوی دەبات.

ئەو ئەندامەی دەستەی باڵای بەرژەوەندیی یەکێتی، لە نووسینەکەیدا کە لە نەخۆشخانە نووسیویەتی، باس لە ھەوڵی تیرۆرکردنەکانی ڕابردووی و دۆخی ئێستای ناو یەکێتی و کێشەکانیان دەکات، دەڵێت: کە بە ئەنجومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت. قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە. ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە.

دەقی نووسینەکەی

بەراوردێک لەنێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم 25/10/2005

هەموو مرۆڤێک هەر دەمرێ مردنیش بەگشتی تەمەنی بۆنیە. هەموو مرۆڤایەتی هاوقەبرین. بەڵام کەسانی سیاسی، پێشمەرگە، فەرماندە وبەرپرس، دەبێ چاوەڕوانی مردنی نائاسایش بکەن. حکومەت بەردەوام هەوڵی کوشتنی داوم. چەندجارێکیش هەوڵەکانیان جێ بەجێ کردوە. بەڵام ڕێکەوت پاراستومی. لەشەڕی ناوخۆدا ، کە قەت نەدەبوو ئەوەندە درێژە بکێشێت (1976 -1998) دووجار پارتی هەوڵی لەناوبردنی داوم. ئنجا هێزەکانی قاعیدە و داعشیش چەندجارێک هەوڵیانداوە تیرۆرم بکەن. لە سلێمانی، فڕانکفۆرت و دوزخورماتوو، دیسان دەربازبووین.

25/10/2005 ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم جێ بەجێ کرا. هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ئەم هەوڵەبوو کە من بڕستی ئەوەم نەبوو بەهۆی چارەسەرەوە بەراوردێکی تیرۆر کردنم لەسەر دەستی قاعیدەو ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی( هەڤاڵان!!! ) بکەم.

مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشتەکان و قاعیدەی ڕەشەکوژەوە، یان لەئەنجامی شەڕی ناوخۆوە بووە. ئەوانەی لەسەنگەری دوژمنایەتی یەکێتیەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی من و هاوسەنگەرەکانیان داوم، تەنانەت سەرۆک مام جەلال و شادڕەوان نەوشیروان و سەرکردەی تریش، هەروەها لەکاتی سەرۆک وەزیراندا کاک کۆسرەت و دکتۆر بەرهەمیش هەوڵی تیرۆرکردنیان درا. ئەوکاتە دەمانزانی بۆ هەوڵی تیرۆرکردنمان دەدرێت، چونکە لەسەنگەرەکانی پێشەوەی شۆڕشگێڕێتی و دیموکراسیدا بووین (دوور لە ئێستا) بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی لەپەیامە مێژوییەکەی بەهۆی زاڵبوونی بەرژەوەندی خۆپەرستی و دەستەگەریەوە، بەهۆی دەستخستنە ناو بازاڕو بازرگانی ناشەرعیەوە، یەکێتی بەڕواڵەت ئەیویست هاوسەنگی بەدی بێنێت، بەڵام بەکردەوە لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە ، سەنگی پێش کۆنگرەشی لەدەست دا. لەم هەڵبژاردنەی عیراقدا 300 هەزار دەنگدەر، متمانیان لە یەکێتی سەندەوە.

لەناو دۆخێکی ئاوای ناشەریفانە و پڕاوپڕ لەخۆپەرستی و مەزنخوازی ناڕەوادا، ململانێکانی یەکێتی لەبەرامبەر نەیارەکانیدا، بە بەرنامە، لەژێر پەردەی هاوسەنگی دروست کردن، ململانێکانیان لەناو یەکێتی چڕ کردەوە. بەچڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات. بۆیە ئەبینین تەکەتولەکان بەئاشکرا ئیش ئەکەن. هێزی تایبەتی هەندێک لەسەرکردەکان بەهێزتر کراون. تەواوی ژیانی حزبایەتی پێشێل کرا، گەندەڵی و سەرانە سەندن و موڵکی حەرام دابەش کردن کەوتۆتە سەر وێردی هەموو زمانێک.

لەدۆخێکی وادا پێوەرە حزبیەکان و مۆڕاڵی حزبایەتی دەکرێنە پەڕۆی بێ نوێژ. ئیتر هەرچی بەهای مروڤایەتی و ئایدۆلۆجی هەیە نامێنێت. تەنانەت وای لێدێت چاودێریی کادرەکان لە فەیسبووک بکەن بزانن وێنەی بەرپرسەکانیان لەسەر تەنەکەی ماستاو دەنەخشێنن یان نا؟

لەو چوارچێوەیەدا ژەهرخواردکردنمان لەناو یەکێتی، ئەنجامێکی فاشستیانەی چاوەڕوان کراوە. زۆر جار لەمێژوودا بەشێکی چەپەکان هەڵدەگەڕێنەوە بۆ فاشیەت. پرەنسیپی بنچینەی نازیەکان ئەوەیە، یان لەگەڵمی یاخود دوژمنمی. واتە بێلایەنی سەربەخۆیی لەناو ژیانی حزبایەتی ڕەتدەکەنەوە.

بەدرێژایی مێژووی یەکێتی شانازیمان دەکرد کە شۆڕشگێڕین، شانازیشمان دەکرد کە دوژمنەکانمان ئەوەندە لێما ئەترسان پیلانیان لێ ئەگێڕاین. بەڵام ئێستا لەناو ململانێکانی یەکێتی، لافی چ بیروباوەڕێک لێ دەدرێ و شانازی بەکام ململانێوە بکرێت؟

چۆن ساڵانە یادی ژەهرخواردن لەناوخۆماندا بکەین؟ ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجام داوە، شەرم ئەکەن باسی بکەن.

ئێمەش کە تاوانەکەمان بەرامبەر ئەنجام دراوە، لەبەر دابونەریتی کوردەواری و شکۆی مام جەلال، ئارام، عەلی عەسکەری، شیهاب، دکتۆرخالد ، شێخ حسێنی یەزیدی، سەعدی گچکە، ڕەوف بەگ، ڕەسول مامەند ، سەید کەریم، ملازم تایەر علی والی، تاد.... ناتوانین بەدڵی خۆمان باسیشی بکەین.

ئەو شەوەی لەکونە گورگ 25/12/1977 هەوڵی کوشتنیان داین بەشایی شۆڕشگێڕانم دەزانی، ئەو ڕۆژەی دوو خۆکوژ خۆیان پیاتەقاندمەوە لە 25/10/2005 بەشانازی ڕۆشنگەریم ئەزانی. ئەو ڕۆژەی لەگەڵ شێخ جەعفەر لەدووزخورماتو 24/8/2014) کەوتینە بۆسەی داعشەکانەوە بەسەر بڵندی بەرەنگاری تاریکپەرستی و هێزی خۆکووژم ئەزانی.

بەڵام ئێستا بچمە سەر قەبری مام جەلال بڵێم چی؟ بچمە تەنگی سەر چی بەئارام بڵێم؟ بەشیهابی شێخ نوری بڵێم ئێوە کەم ژیان و کەڵ ژیان. بەڵام ئێمە زۆرتر ژیاین کەچی خەریکە بە (گوێ درێژی) سیاسی لە سەر هەڵوێستەکانمان لەناو ئەبرێین.

چی بە کاک کۆسرەت بڵێم، کەی قەول و قەرار وابوو؟ کە بە ئەنجومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵترنەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت. قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە. ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە.

روو دەکەمە هێرۆ خانی میهرەبان و پێی دەڵێم: میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حزبایەتی دا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لەپەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت.

هەرچی چۆنێک بوە بەشانازیەکانی خۆمان و شەرمەزاریەکانی بەرامبەرەکانمان ئێمە ماوین. ئەوانەی وایان ئەزانی لەدوای چوارەمین کۆنگرەوە تەواو پەراوێزیان خستبوین، تێگەیشتن یەکێتیە ڕەسەنەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی، لەویژدانی خۆیاندا ئەو پەراوێزخستنە ڕەتئەکەنەوە و هاوکێشەکانی ناو یەکێتی ڕوو لەگۆڕانکاری بابەتی بوو، بۆیە چاریان نەما تەنها هەڵگەڕانەوە نەبێ بۆ ڕەگەزی فاشیانە. ئەویش لەناوبردنی جەستەییە. بەڵام ئەم پیلانە چ بەرامبەر بە خۆم و چ بەرامبەر هەڤاڵانی تر، لاپەڕە ڕەشەکانی ڕابردوو تاڕادەیەکی زۆر دادەخات. ئیتر هەڤاڵانی یەکێتی بەچاوی یەکێتیەکی ڕەسەن و شۆڕشگێری ڕاستەقینە و دادپەروەرێکی گەورەوە، دەڕواننە هاوکێشەکانی ناو حزبەکەیان. تەنانەت ئەوانەی لەترسان و لەبرسان نەیاندەوێرا هەڵوێست دەرببڕن، لەمەودوا لەبەر پەرۆشی بۆ یەکێتی، ئیتر

بێ هەڵوێست نابن و لێناگەڕێن یەکێتیەکەی مام جەلال و کاروانی شەهیدان و تێکۆشەرانی کۆڵنەدەر لەمە زیاتر هەڵبدێرێ. هەڵیشنادێرێ.. قەت هەڵنادێرێ.

مەلا بەختیار

1/11/2021

نەخۆشخانەی ڤیڤانتێس