بەغدا ٢٠٠ ملیار دینارەکە دەنێرێت و قەرەبووی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر دەکاتەوە

02-11-2021 03:19

پەرەگراف

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، دوای ھەوڵەکانیان، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵدا، دەنگ درا لەسەر ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی کە مانگانە  بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت و 3 مليار ديناریش بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی ھەولێر.

ھەر ئەمڕۆ، سەبارەت بە سستی لە دابەشکردنی‌ مووچەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی "بەداخەوە کەمێک گرفتی شێوازی کۆکردنەوەی داهاتمان هەیە. ئومێدەوارین لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەش بکرێت".

شەممەی ڕابردوو، لافاو ھەولێرو چەند ناوچەیەکی دیکەی گرتەوە، حکومەتی ھەرێم بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بە زیان لێکەوتووان دا، ئەمڕۆش عێراق پارەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد.

دوای بەدواداچوونی لیژنەیەکی هاوبەش، نووسینگەى پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، زەرەر و زیانەکانى لافاوەکەى هەولێر بەم شێوەیەن:

یەکەم: 500 خێزان، ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی له‌ناوچووە.

دووه‌م: 130 ئۆتومبێل بەر لافاو کەوت و لەکار کەوتوون.

سێیەم: 127 خانوو زیانیان بەرکەوت.

چوارەم: دوو قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکى دروستکردنى شەقام و تۆڕەکانى کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیان بەرکەوتووە.