پەیامێك لە لاهور شێخ جەنگییەوە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردن و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی

02-11-2021 07:04

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، پەیامێكی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی و دۆخی ئێستا و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە.

لاھور شێخ جەنگی داوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو حیزبەکەی و دەڵێت: ئێستا پرسیاریجدی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە: یەکێتیی بۆ بوونی هەیە؟ یەکێتیی نوێ خاڵی کراوەتەوە لە ستراتیژ و وبەرنامە و پرۆژە، ئێستا یەکێتییخاوەنی هیچ پرس و ستراتیژ و گوتار و پرۆژەیەک نییە!

ھاوسەرکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا، مانەوەی کێشەکانی ناو حزبەکەی بە هەڵپەسێردراوی بە "کوشندە" ناو دەبات بۆ یەکێتی، دەشڵێت: پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و بە خۆماندا بچینەوە، کۆتایی بەم دۆخە سەپێندراوەی ناو حزبەکەمان بهێینن و یەکێتیی لەم هەڵدێرەڕزگار بکەین.

دەقی پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگی: 

بە ناوی خوای گەورە و مهیرەبان،
 
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،
 
ئاشکرایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێوەچوو، سەرەڕای هەموو تێبینییەکان، ئەم هەڵبژاردنەش ئەزموونێكی تری خستە سەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەم، کە بەشداربوون لە سەرخستنی پڕۆسەکەدا. پیرۆزبایی لە کاندیدە هەڵبژێردراوەکان دەکەم، داواکارم بتوانن لە ئاست ئەو متمانەیەدابن کە پێیان بەخشراوە، چاودێرێکی وردبن بەسەر حکومەتەوە، بە تایبەت پارلەمانتارانی گەلی کورد یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن بەرامبەر بە بەدەستهێنانی مافە نیشتمانییەکان، کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بکەن و چاویان لەسەر کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بێت و هەوڵی بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستورییەکانی کوردستان بدەن، چونکە ئەم خولە خولی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقەو هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێم زیاترن وەک لە پێشتر.
وەک بینیمان لەم هەڵبژاردنەدا پرۆسەی دەنگدان و جۆش و خرۆشی دەنگدەران لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە ئاستی پێویستدا نەبوو، کەلێنێکی گەورە لە نێوان هاووڵاتییان و سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیدا دروست بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی دیاردەی گەندەڵی و نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازیی و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجان و پاشەکشەی سەرجەم کەرتەکان، بە تایبەت تەندروستی و پەروەردە، ناعەدالەتی لە دابەشکردنی داهات و دەستوەردانی مەترسیدار لە دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربرین و ڕاگەیاندن و گرتن و زیندانیکردنی بە ناهەقی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و چەندین نادادیی تر، بەشێکن لەو هۆکارانەی، کە وایکرد هاووڵاتییان ناڕازی بن و متمانەیان بەم دەسەڵات و سیستمە سیاسییە نەمێنێت بە سەرجەم پێکهاتەو ڕەگەزەکانییەوە. بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ئاست ئەو زەنگە مەترسیدارەی هاووڵاتییان خەمساردن، ئەوەتا لە دوای هەڵبژاردن، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گرانبوونی خۆراک و پێداویستییەکانی تری ڕۆژانە گوزەرانی هاوڵاتیانی قورستر کردووە، ئەمە سەرەڕای دواکەوتنی مووچەو نەدانی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و بێئومێدبوون لە چاکبوون و سەرهەڵدانی کۆچی بە لێشاوی گەنجان.
 
هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتیی،
 
یەکێتییەکەمان لەم هەڵبژاردنەدا پاشەکشەی کرد و دەنگەکانی بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیکرد، بەداخەوە بە دەستی ئەنقەست وایان لە حزبی شەهیدان کرد. دەمەوێت بزانن کە پێشتر بڕیارم دابوو کێشەکان بەلاوە بنێم و بەشداریی بانگەشەی هەڵبژاردن بکەم، بەڵام بەداخەوە کەسانێک، کە داواکاری و هەڵوێستی دەیان هەزار ئەندام و کادری حزبەکەشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەرچاو نەگرت، بەربەستیان دروستکرد. ئێمە ئەو کاتەی هاوپەیمانی کوردستانمان پێکهێنا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەیشتنمان کرد لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ ئەوەی دەنگێکی بەهێز و یەکگرتوو بین لە بەغدا، بە پشتبەستن بە جەماوەرەکەمان پێشبینی ئەوەمان دەکرد، کە زۆرترین دەنگ و کورسی پارلەمان بەدەستبهێنین و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکەین، بەڵام نەیارانی کوردستان و یەکێتیی بەمە نیگەران بوون، هەر بۆیە دەستیان کرد بە پیلانگێڕیی و هەموو هەوڵێکیان دا بۆ تێکشکاندنی ئەو هاوپەیمانییتیەو درزیان خستە ناو ڕیزەکانمان بە مەبەستی لێدان لەو هێڵە نیشتمانییەی کە لە ناوخۆی یەکێتیدا ئەمەی لە ئەستۆ گرتبوو.
 
گەر ئەو پیلانگێڕییانەش بەردەوامبن و عینادیی سیاسی درێژەی پێبدرێت، دڵنیابن ڕێبەرایەتی بۆ حکومدارییەکی تەندروست و عەدالەتی کۆمەڵایەتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پارلەمانی کوردستان دەبێتە خەونێکی شاعیرانە چونکە هەموومان باش دەزانین لایەنێک لە کوردستان، کە ڕێگری لە چاکسازیی دەکات و سەرجەم دامەزراوەکانی بێ ئەرزش کردووەو دەستی بەسەر سامانی ئەم هەرێمەدا گرتووە و بۆتە بارگرانی و نەهامەتی بۆ ئەم میللەتە، لە هەڵبژاردنەکانیشدا بە دەنگی تەزویر خۆی دەکاتەوە بە زۆرینە و لە سایەی ئەجێندای ئیقلیمیدا بە ویستی خۆی یاری بە چارەنووسی گەلەکەمان دەکات.
 
ئەندام و کادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەکێتیی،
 
من دەزانم ئێوە نیگەرانن بەم دۆخە و چاوتان لەسەر حزبەکەتانە و هەست بە مەترسییەکان دەکەن، چونکە ئێستا سەرجەم پرۆژەکانی یەکێتیی لە گوتار، و ستراتیژ، و کارکردنی لە پرسی دەستوور، و لامەرکەزی، و ڕێبەرایەتی یەکێتیی لە پەرلەمان و تەنانەت لە سەرجەم کایە حکومییەکاندا مساوەمەی پێکراوە، ئێستا پرسیاری جدی کە پێویستە بکرێت ئەوەیە: یەکێتیی بۆ بوونی هەیە؟ یەکێتیی نوێ خاڵی کراوەتەوە لە ستراتیژ و وبەرنامە و پرۆژە، ئێستا یەکێتیی خاوەنی هیچ پرس و ستراتیژ و گوتار و پرۆژەیەک نییە! دڵنیام کە ئێوەش درکتان پێکردوە و رۆژانە قسەی لەسەر ئەکەن، بەڵام نابێت بی ئومێدبن چونکە ئەم قۆناغەش بە هیمەتی دڵسۆزان تێدەپەڕێت و ئێستاش دەرفەت ماوە و درەنگ نییە بۆ ئەوەی بە حەکیمانە کێشەکان چارەسەر بکەین. هەر بۆیە داواکارم ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک باڵاترین ئۆرگانی نێوان دوو کۆنگرە بە ئەرکی پەیڕەوی خۆی هەستێت و بەزووترین کات کۆببێتەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و هێنانەوەی یەکێتیی بۆ سەر ڕاستەڕێگای سیاسەتکردن و بەدیهێنانی ئامانجەکان، تا لەوە زیاتر ئەندام و کادر و لایەنگرەکانمان ئازار نەدرێن و سەرکوت نەکرێن و چارەنووسی حزبەکەش، کە چارەنووسی میللەتێکە، ڕووبەڕووی مەترسی نەکرێتەوە.
 
هەڤاڵان،
 
ئەگەر ئەم دۆخەی ناو یەکێتیی بەم جۆرە بمێنێتەوە، دڵنیاتان دەکەم نەک تەنها یەکێتیی و یەکێتییەکان، بەڵکو گوزەران و قوتی خەلک و ئاسایشی نیشتمانیی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەوە، پارچەکانی تری کوردستانیش پڕیشکی ئاگرەکەیان بەردەکەوێت. بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان، کە درک بە مەترسییەکانی قۆناغەکە بکەن و بە ئەرکی یەکێتییانەی خۆیان هەستن، چیتر ئەم دۆخە چەقبەستووە قبووڵ نەکەن و دوور کەونەوە لە تۆمەت و تۆمەت بەخشینەوە بۆ یەکتری خۆ ئەگەر کێشەیەکی حزبی هەیە دەبێت لە رێگەی ئۆرگانە رەسمیەکانی حزبەوە چارەسەربکرێن، ئەگەر کێشەکانیش یاسایین، پێش ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار بکرێت و مانشێتی رۆژنامەی نەیارەکانمانی پێ برازێنینەوە دەبێت لە رێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە. ئامۆژگاری هەڤاڵانم دەکەنم لەپێناو خوێنی شەهیدان بەزەییان بە یەکێتیی دابێتەوە و چیتر لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی، ناو و ناوبانگ و مێژویی سیاسی و پر سەروەری یەکێتیی لەکەدار نەکەن.
لە ئێستاشدا، بەرپرسیارییەتی مانەوە و گەشەکردنی یەکێتیی بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی هاوسەرۆکان و سەرکردایەتییەکەی دایە و پاراستنیشی ئەرکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە پشتبەست بە پەیڕەو، کە پەسەندکراوی چوارەمین کۆنگرەیە، مانەوەی کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بۆ یەکێتییەکەمان کوشندەیە، پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و بە خۆماندا بچینەوە، کۆتایی بەم دۆخە سەپێندراوەی ناو حزبەکەمان بهێینن و یەکێتیی لەم هەڵدێرە ڕزگار بکەین، ئەمەش تەنها بە گیانی لێبوردەیی و هیمەت و بازووی یەکێتییانەی هەموو هەڤاڵان و دڵسۆزانی رێبازەکەی مام دێتەدی.