ناوەرۆكی ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی؛ لاهور شێخ جەنگی بە چی تۆمەتبار كراوە؟

02-11-2021 11:32

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، بە نووسراوێك بڕیاری "دەركردن"ی بۆ لاهور شێخ جەنگیی هاوسەرۆكی یەكێتی دەركرد. ئەو ماددە و بڕگانەی كە بۆ دەركردنی بڕیارەكە پشتی پێ‌ بەستراوە، باس لە (ناپاكی، كاركردن بۆ پارتەكانی تر لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، كاركردن دژ بە بەرژەوەندییەكانی گەل و سیاسەتی یەكێتی، ئەنجامدانی بازرگانی و بەكارهێنانی پێگەكەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی، دركاندی نهێنی) دەكەن.

لە بڕیارێكدا كە واژووی بافڵ تاڵەبانی لەسەرە و ئەمڕۆ دەركراوە، هاتووە "پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە 311 لە ڕێكەوتی 25-10-2021، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی پێمان دراوە و دوای وەرگرتنی سەرجەم بەڵگەكان لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێنراو و گەڕانەوەی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان، بڕیارمان دا بە دەركردنی (لاهور جەنگی بورهان) لە ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانی".

لە نووسراوەكەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پاش ئەوە دەركراوە كە "سەلمێندرا پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كاری كردووە لە بڕگەكانی (یەكەم، دووەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم) لە ماددەی نۆ، بڕگەكانی (دووەم و سێیەم) لە ماددەی 11، (1، 2، 3، 4، 5، 6، 7/هـ - بڕگەی دووەم) لە ماددەی 12، بڕگەی یەكەم لە ماددەی 37، ماددەی 70".

ماددەی نۆیەمی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە بە هەشت خاڵ ئەركەكانی ئەندامانی یەكێتیی دیاری كردووە، بەپێی بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی حەوت خاڵیانی پێشێل كردووە.

ئەو حەوت ئەركەی ئەندامی یەكێتی كە لاهور شێخ جەنگی بە پێشێلكردنی تۆمەتبار كراوە، بەم شێوەیەن "1- دڵسۆزانە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی یەكێتی تێبكۆشێت. 2- یەكێتیی ناو یەكێتی بپارێزێت. 4- نهێنییەكانی یەكێتی بپارێزێت و ڕاستییەكانی لێ‌ نەشارێتەوە. لێدوان دژ بە سیاسەت و ستراتیژی یەكێتی لە هیچ هەلومەرج و بارودۆخێكدا نەدات. 5- داكۆكی لە بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی و سەروەرییەكانی بكات. 6- بەرژەوەندیی یەكێتی بخاتە سەرووی بەرژەوەندیی خۆی و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەكانەوە ڕابگرێت. 7- لە هەڵمەتی هەڵبژاردنە گشتییەكان و كەمپینەكانیدا بەشداری بكات و كار بكات بۆ سەرخستنی لیست و كاندیدانی یەكێتی. 8- هەوڵ بدات دۆست و لایەنگر و ئەندام بۆ یەكێتی پەیدا بكات".

بەشێكی دیكەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لاهور شێخ جەنگی بە پێشێلكردنی تۆمەتبار كراوە، بڕگەكانی دووەم و سێیەمی ماددەی 11یە كە باس لە "لەدەستدانی ئەندامێتی" دەكات.

دوو بڕگەكە بەم شێوەیەن: ئەندامی (ی. ن. ك) ئەندامێتی لەدەست دەدات بەهۆی "دووەم: ناپاكیی (سیاسی، نیشتمانی، نەتەوەیی و حیزبی). سێیەم: كاركردن بۆ پارتەكانی تر لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە گشتییەكاندا".

هەروەها لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار كراوە بە پێشێلكردنی سەرجەم خاڵەكانی (هـ) لە بڕگەی دووەمی ماددەی 12ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە دەڵێت "ئەندام لەبەر ئەم هۆكارانە دەردەكرێت: 1- كاركردن دژ بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتمان. 2- كاركردن دژ بە سیاسەتی (ی. ن. ك) و هەوڵدان بۆ تێكدانی ڕیزەكانی. 3- بەكارهێنانی پێگە حیزبییەكەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی. 4- بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بخاتە پێش بەرژەوەندییەكانی یەكێتی. 5- دركاندنی نهێنییەكانی یەكێتی. 6- كاركردن دژ بە پاڵێوراوان و بەرنامەی یەكێتی لە كاتی هەڵبژاردنەكان".

هاوكات لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار كراوە بە پێشێلكردنی بڕگەی یەكەم لە ماددەی 37ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە باس لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆك دەكات. لە بڕگەی یەكەمیدا هاتووە "هاوسەرۆك بەرپرسیارە لە جێبەجێكردنی بڕیار و سیاسەتەكانی یەكێتی".

دواین ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لاهوور شێخ جەنگی بە پێشێلكردنی تۆمەتیار كراوە، ماددەی 70یە كە دەڵێت "ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و كادیری پێشكەوتوو، نابێت دەسەڵاتی حیزبی بۆ هیچ چالاكییەكی بازرگانی و ئابووری بە شێوەی تاك یان هاوبەش بۆ خۆی یان كەسی نزیكی بەكار بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی قازانج".

ئەمشەو سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد "لیژنەیەكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە پێشتر بە تایبەت بۆ دۆخی ناوخۆی ئەو حیزبە پێكھێندرابوو، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی لاھور شێخ جەنگیی ھاوسەرۆكی یەكێتی و چوار ئەندامی سەركردایەتی لە حیزبەكەیان".

سەرچاوەكە وتیشی "بڕیارەكە ئێوارەی ئەمڕۆ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی واژۆ کراوەو ئەو سەركرادیەتییانە ئەوانەن كە لەگەڵ لاھور شێخ جەنگیدان".

سەرچاوەكە بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد كە "ئەو كەسانەی لە قۆناغی یەكەمدا لە ڕیزەكانی یەكێتی دوورخراونەتەوە، پێكهاتوون لە: لاهور شێخ جەنگی، شادومان مەلا حەسەن، ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەمەد و ئاراس شێخ جەنگی".