سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكان ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێ دەكەن

03-11-2021 04:19
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەستەی سەرۆكایەتی‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكان

پەرەگراف

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكی 12 فراكسیۆنی پەرلەمان كۆبوونەوەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان لە ساڵی داهاتوودا تاوتوێ كردو گفتوگۆیان كرد لەبارەی میكانیزم و ئاماده‌كاری بۆ یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان و تازه‌كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و ڕێكاره‌ یاساییه‌كان.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، دوای كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ئامادەكاریی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە سالی ٢٠٢٢.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەش دەخاتەڕوو، ڕێوشوێنەكانی پێكهێنانەوەی لیژنەی ئامادەكاریی دەستور تاوتوێ كراوە.

مانگی 9ی ساڵی داهاتوو چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك ئەنجام بدرێت.

زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەی بەلای حزبەكەیەوە بە زۆر گرنگ ناوبرد.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی: لەسەر پرسی دەستوور یەكێتی بۆچوونی خۆی هەیەو دەوێت دەستوری هەرێمی كوردستان بۆ هەموو خەڵك بێت، هەروەها هەڵبژاردنەكانیش بابەتێكی گرنگەو یەكێتی بۆچوونی وایە كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، كە تەنها یەك ساڵی ماوە.

زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گفتوگۆی لەبارەوە كرا كە پرسێكی گرنگە، "كاتێك دیاریی كرا كە تا 15 ڕۆژی دیكە بۆچوونی هەموو لایەنەكان بگەڕێنرێتەوەو پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە بكات".

فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ و یەكگرتوو، بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت "كۆبوونەوەكەمان بایكۆت كردووە و تا ئەو پەرلەمانتارەی جنێوی دا داوای لێبوردن نەكات، دانیشتنە‌كانی پەرلەمانیش بایكۆت دەكەین".

فراكسیۆنی كۆمەڵیش ڕایگەیاند "بایكۆتی كۆبوونەوەكە دەكەین، چونكە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە ئاستی كێشە و داواكاریی خەڵكدا نییە".